كێ؟ بریكاری‌ یاریزانانه‌ له‌كوردستاندا!!!

12/19/2016 12:50:00 PM

753 جار خوێندراوەتەوە

ساجد كەمال
+ -

له‌ئێستادا له‌جیهانی‌ تۆپی‌ پێ دا له‌ئه‌وروپاو ته‌واوی‌ جیهاندا یاری‌ تۆپی‌ پێ چه‌ندین قۆناغی‌ بڕیووه‌، تائه‌وه‌ی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ به‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ته‌واوی‌ سه‌رزه‌وی‌ به‌كایه‌كی‌ ئێجگار گرنگ لێ ده‌روانن.

وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی‌ ئه‌م كایه‌یه‌ش به‌سستم و به‌رنامه‌و پلان بۆ دانانه‌وه‌ جێ به‌جێ ده‌كرێت.

هه‌مووشمان دورو نزیك ئاگادارین كه‌سه‌رجه‌م كارو سه‌وداو مامه‌ڵه‌كانی‌ یانه‌كان و پرۆژه‌ وه‌رزشیه‌كان به‌سستم كراون و له‌رێگه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت، یا كۆمپانیای‌ تایبه‌ت، یا راوێژكاری‌ یاسایی، یا دادگای‌ وه‌رزشی، یا بریكاری‌ جێ به‌جێكاره‌وه‌ رۆژانه‌و مانگانه‌و ساڵانه‌ كاره‌كانیان رای ده‌كه‌ن.

مه‌به‌ستی‌ نوسینی‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانانی‌ تۆپی‌ پێ له‌ جیهاندا به‌تایبه‌ت له‌ئه‌وروپادا له‌یانه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ یانه‌یه‌كی‌ دیكه‌ ساڵانه‌ له‌دوو وه‌رزی‌ جیادا ده‌بێت كه‌پێ ده‌وترێت (گواستنه‌وه‌ی‌ هاوینه‌،گواستنه‌وه‌ی‌ زستانه‌) له‌و ماوه‌یه‌دا دوای‌ ته‌واو بوونی‌ گرێبه‌سته‌كه‌یان، یا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌یان یاریزان سه‌ربه‌سته‌ روو له‌چ خولێك یا یانه‌یه‌ك ده‌كات، له‌م چوون و هاتنه‌دا چه‌ندین رێكاری‌ یاسایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ته‌واو یاسایی له‌نێوان (یانه‌ی‌ نوێ و یانه‌ی‌ پێشوو، دادگای‌ وه‌رزشی‌، یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ ئه‌و وڵاته‌، یان جیهان (فیفا) له‌مانه‌دا ته‌واوی‌ ورده‌كارییه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌كه‌ی‌ تێدا ئه‌نجام ده‌درێت و وه‌هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی‌ داره‌كان په‌یوه‌ست به‌ گواستنه‌وه‌كه‌ ئاگادارن و هه‌ریه‌كه‌یان رێكاری‌ یاسایی خۆی‌ جێ به‌جێ ده‌كات، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌رێگه‌ی‌ كه‌سێك یاخود كۆمپانیایه‌ك ده‌كرێت كه‌پێ ده‌وترێت (بریكاری‌ جێ به‌جێكار).

به‌ڵام له‌كوردستاندا تائه‌م ساته‌ هیچ شتێك له‌م جۆره‌ كارانه‌ به‌دی ناكرێت، ئه‌گه‌ر بشكرێت له‌قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی دایه‌.

بۆیه‌ ده‌پرسین كێ بریكاری یاریزانانه‌ له‌كوردستاندا؟ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندی‌ داری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانان له‌كوردستاندا كێن؟ شتێك هه‌یه‌ له‌كوردستاندا به‌ناوی‌ دادگای‌ وه‌رزشی‌؟ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ كوردستان بۆچی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانان به‌سستم ناكات له‌ڕێگه‌ی‌ بریكاری جێ به‌جێكاره‌وه‌ تا مافی‌ یانه‌كان و یاریزانان نه‌فه‌وتێت له‌ئه‌گه‌ری‌ بوونی‌ هه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتیه‌ك، بۆچی‌ دادگایه‌كی‌ وه‌رزشی‌ دانامه‌زرێت؟ بۆچی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ وه‌رزشی‌ نی یه‌ بۆ چاودێری‌ كردنی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانان له‌كوردستاندا راسته‌وخۆ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ كوردستان چاودێر بێت به‌سه‌ریه‌وه‌، وه‌ مه‌رجی‌ پێدانی‌ پشكێكی‌ كه‌می‌ بۆنده‌كانیان هه‌بێت تاسه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دارایی بێت بۆیان.

ره‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیارانه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زه‌مه‌نی‌ بخایه‌نێت و له‌ئاینده‌دا كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام هه‌ركارێكی‌ باش تا زووتر بكرێت دره‌نگه‌.

له‌ئێستادا ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكه‌ به‌دیاری‌ كراوی‌ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێ كوردستان رۆژانی‌ 17-12 تا 27-12-2016ی‌ دیاری‌ كردووه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ زستانه‌ی‌ یاریزانی‌ تۆپی‌ پێی‌ خولی‌ نایابی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان كه‌ئه‌مه‌ش ماوه‌ی‌ (10)رۆژه‌ ره‌نگه‌ كاتێكی‌ زۆر كه‌م بێت بۆ یاریزان، یاریزان به‌وپێیه‌ی‌ كه‌ بریكاری‌ جێ به‌جێكاری‌ نی یه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانێت كاره‌كانی‌ گواسته‌وه‌ی‌ بۆ یانه‌یه‌كی‌ دیكه‌،به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا ته‌نها خولی‌ نایابی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یاریزانێك له‌یانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌ستبه‌رداری‌ ببن و له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌یه‌كی‌ دیكه‌ نه‌یه‌وێت ئه‌بێت روو له‌چ خول و یانه‌یه‌كی‌ دیكه‌ بكات؟

ئامانج یاخود سود له‌بریكاری‌ جێ به‌جێكار له‌كوردستاندا ئه‌وه‌یه‌ پێش هه‌موو شتێك رێكاره‌كان به‌یاسایی و به‌سستم و پلان به‌رێوه‌ده‌چن،ره‌نگه‌ یاریزان ئاسووده‌تر بێت و له‌ئاینده‌ی‌ خۆی‌ دڵنیابێته‌وه‌ له‌رووی‌ ده‌روونیه‌وه‌ ئارامتر بێت، ده‌زانین بریكاری‌ یاریزان ته‌نها كاره‌كان بۆ یاریزان راناپه‌رێنیت، به‌ڵكو به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان یارمه‌تی‌ ده‌ری‌ ده‌بێت له‌پێشخستنی‌ تواناكانی‌ و نیشاندانی‌ ئاستی‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌یانه‌كانی‌ دیكه‌، كه‌ئه‌مه‌ش بازارگه‌رمی‌ بۆ یاریزانه‌كه‌ دروست ده‌كات، له‌هه‌مووی‌ گرنگتر چاودرێری‌ راسته‌وخۆیه‌ له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ مادیه‌یه‌كانی‌ یاریزان و وه‌رگرتنی‌ شایسته‌داراییه‌كانی‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار ده‌بینین و ده‌بیستین كه‌ یاریزان مافی‌ له‌لایه‌ن یانه‌كانه‌وه‌ زه‌وت ده‌كرێت، وه‌ ره‌نگه‌ بریكاره‌كه‌ بتوانیت سپۆنسه‌رو ریكلامه‌ بازرگانیه‌كان بۆ یاریزان به‌ده‌ستبهێنێت.

نوسین له‌سه‌ر زیاتر روونكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ زۆری‌ ده‌وێت،به‌ڵام له‌كۆتاییدا هه‌رچی‌ زووتره‌ یاریزان هه‌وڵ بدات بریكاری‌ جێ به‌جێكار بۆكاره‌كانی‌ په‌یدا بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا كاره‌كه‌ له‌ئه‌وپه‌ری‌ سه‌ره‌تاییدا بێت،به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ریه‌كه‌ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات تا ئاستی‌ خوله‌كان و یاریزان باشتر بێت.

مایه‌ی‌ دڵخۆشیه‌ له‌تازه‌ترین راپۆرتی‌ یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌كان بینیمان كه‌ خولی‌ نایابی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌رووی‌ ئاماده‌بوونی‌ هانده‌رو به‌رێوه‌چوونی‌ خوله‌كه‌ له‌به‌شێك له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپی‌ و ئاسیایی و و ئه‌فریقی‌ باشترینه‌، ئیدی‌ كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ بریكاری‌ جێ به‌جێ كارو سپۆنسه‌ری‌ خول و یاریزانان گرنگی‌ زیارتی‌ پێ بدرێت.