په‌ستانی‌ به‌رز، شوڕشێكی‌ نوێی‌ تۆپی‌ پێ

11/15/2016 12:11:00 PM

309 جار خوێندراوەتەوە

ساجد كەمال
+ -


په‌ستانی‌ به‌رز (الضغط العالى) هه‌مووان تاراده‌یه‌ك شاره‌زاین و لامان روونه‌ كه‌ په‌ستانی‌ به‌رز یاخود فشاری‌ به‌رز بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كار دیت له‌تۆپی‌ پێ دا له‌كۆن و ئێستادا به‌چه‌ندین قۆناغی‌ جیاواز و نوێكاریدا تێ په‌ڕووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌ی‌ كه‌ تۆپی‌ پێ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.

ناتوانم ورده‌كاری‌ ته‌واوی‌ بابه‌ته‌كه‌ بنوسم چونكه‌ له‌رووی‌ زانستی یه‌وه‌ ئه‌م شێوازی‌ یاری‌ كردنه‌ پێویستی‌ به‌چه‌ندین لایه‌نی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ده‌بێت ئاماژه‌ی‌ پێ بكرێت، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ لێره‌دا ته‌نها ئاشانا كردنی‌ تۆی‌ خوێنه‌ری‌ بابه‌ته‌كه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئه‌م شێوازی‌ یاری‌ كردنه‌ ده‌بینین و وه‌ زۆربه‌ی‌ راهێنه‌ره‌كان پشتی‌ پێ ده‌به‌ستن له‌چه‌ند یارییه‌ك و به‌شێك له‌كاتی‌ یارییه‌كان.

فشاری‌ به‌رز ئه‌وه‌یه‌ كه‌تیپێك له‌دژی‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر له‌نێوه‌ به‌شێكی‌ یاریگادا زۆرجار نیوه‌ یاریگای‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر ده‌بێته‌ ئامانج له‌ فشار خسته‌نه‌كه‌،تیپ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات فشار بخاته‌ سه‌ر هه‌ڵگری‌ تۆپ یاخود هاورێییانی‌ هه‌ڵگری‌ تۆپ، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ند یاریزانێك ده‌كرێت ره‌نگه‌ به‌ 3 یاریزان یاخود زیاتر وه‌یان له‌شێوه‌ی‌ هه‌نگاو له‌دوای‌ هه‌نگاو (مان تومان)  بێت.

فشاری‌ به‌رز  چۆن و كێ په‌یره‌وه‌ی‌ ده‌كات له‌م سه‌رده‌مه‌دا؟

زۆرترین سه‌رچاوه‌كان سه‌ره‌تای‌ ئه‌م شێوازی‌ یاری كردنه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ (ئه‌ریكۆ ساكی‌) ئه‌وكاته‌ی‌ له‌یانه‌ی‌ میلان بووه‌، له‌سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م له‌هه‌ندێ یاریی‌ وه‌ له‌هه‌ریارییه‌كدا به‌چه‌ند خوله‌كێك ئه‌م شێوازه‌ی‌ په‌یڕه‌و كردووه‌.

به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایدا ده‌بینین چه‌ند راهێنه‌رێك بره‌ویان پێ داوه‌و زۆر كات كاری‌ پێ ده‌كه‌ن له‌وانه‌ (خوزێ مۆرینهۆ،دیگۆ سیمیۆنی‌، یۆرگن كلوپ، پیپ گواردیۆلا) هتر...

ئه‌وه‌شمان  له‌یاد نه‌چێت په‌یره‌وكردنی‌ په‌ستانی‌ به‌رز له‌بارودۆخی‌ یارییه‌ك بۆ یاریه‌كی‌ دی‌ یاخود له‌تیپێك بۆ تیپێكی‌ تر جیاوازه‌.

بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ كاتێك خۆزێ مۆرینهۆ راهێنه‌ری‌ یانه‌ی‌ ریالمه‌درید بوو هه‌مووان  بارودۆخی‌ یانه‌ی‌ ریالمه‌دریدمان له‌بیره‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رشه‌لۆنه‌ چۆن بوو، دوای‌ په‌یڕه‌و كردنی‌ ئه‌م شێوازه‌ توانی‌ باڵانسی‌ خۆسه‌پاندنی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ رابگرێت وه‌ك خۆشی‌ له‌زۆر شوێندا ده‌ڵێت: به‌رشه‌لۆنه‌ مۆدێلێك بوو من كۆتاییم پێ هێنا.

وه‌ دوای‌ چه‌ند ساڵێك بینیمان ئه‌لیگری‌ راهێنه‌ری‌ یۆڤانتۆس له‌به‌رامبه‌ر بایه‌رمیونخ هه‌مان سیناریۆی‌ داڕشته‌وه‌و توانی‌ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان ده‌ربكات.

ئامانج له‌م شێوازی‌ یاری‌ كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ تیپی‌ دژ ناچار ده‌كه‌یت كه‌له‌ناوچه‌ی‌ مه‌ترسیدار به‌په‌ستان خستنه‌ سه‌ری‌ هه‌ڵه‌ی‌ كوشنده‌ بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌دوا یاری‌ نێوان (مان ستی‌×به‌رشه‌لۆنه‌) بینیمان كه‌ ئه‌وه‌ تازه‌ترین فشار بوو كه‌ پیپ خۆی‌ پێش یارییه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێ كرد.

تایبه‌تمه‌ندی‌ یان خاڵی‌ به‌هێزی‌ شیوازی‌ فشاری‌ به‌رز

- ده‌ستنیشان كردنی‌ خاڵی‌ لاوازی‌ تیپ: به‌په‌یره‌و كردنی‌ ئه‌م شیوازه‌ خاڵی‌ لاوازی‌ تیپ ده‌رده‌كه‌وێت و وای‌ لێ ده‌كرێت به‌كه‌مترین كات خاڵی‌ لاوازی‌ یاریزان یاخود تیپ له‌یارییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ دۆخی‌ ئاسیدا به‌ئاسانی‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ تیپی‌ به‌رامبه‌ر ده‌كرێت تابزانرێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ تیپی‌ دژ به‌ چ شێوازێكه‌.

- بونیادنانی‌ هێرشی‌ خێرا: زۆربه‌ی‌ توێژه‌ران و پسپۆران و  راهێنه‌ران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ فشاری‌ به‌رز هۆكارێكی‌ راسته‌وخۆیه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر تیپی‌ به‌رامبه‌ر به‌كه‌مترین كات وه‌پچرانی‌ تۆپ له‌نزیكترین ناوه‌چه‌ی‌ گۆڵی‌ تیپی‌ دژ.

- فشاری‌ ده‌روونی‌: ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ ده‌روونی‌ بۆ سه‌ر تیپی‌ به‌رامبه‌ر ده‌بێت به‌تایبه‌ت هێڵی‌ به‌رگری‌، چونكه‌ ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری‌ ده‌روونیدا بمێنه‌وه‌و وایان لێ دێت هه‌ڵه‌ی‌ زۆر بكه‌ن.

- كپ كردنه‌وه‌ی‌ خێرایی و هه‌ڵپه‌ی‌ تیپی‌ دژ: به‌م هۆكاره‌ش ده‌توانرێت خێرای‌ و هه‌ڵپه‌ی‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌ كاتێك بیانه‌وێت مه‌ترسی‌ دروست بكه‌ن، به‌فشاری‌ به‌رز ناچار ده‌كرێن له‌نیوه‌یاریگای‌ خۆیان بمێنه‌وه‌ وه‌ كه‌متر توانای‌ هێرشبردنیان هه‌بێت.

هه‌روه‌ها تیپی‌ به‌رامبه‌ر ناچار ده‌كرێت كه‌شێوازی‌ دیكه‌ بگرێته‌ به‌ر بۆ یاری‌ كردن و ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ به‌خێرایی په‌یڕه‌و نه‌كرێت و تیپ ناچار ده‌كات كه‌ هه‌ڵه‌بكات.

ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ فشاری‌ به‌رز تێكڕا تۆمار كردنی‌ گۆڵه‌ له‌كورترین كاتدا، دواتر پارێزگاری‌ كردن له‌و گۆڵه‌ یاخود زیاتر، وه‌ هه‌وڵده‌درێت زیاتر گڕوتینی‌ تیپی‌ به‌رامبه‌ر وه‌ خۆسه‌پاندنیان له‌یاریگادا كه‌م بكرێته‌وه‌ هاوشیوه‌ی‌ یانه‌ی‌ (به‌رشه‌لۆنه‌) كه‌ زۆرجار تاك ره‌وانه‌ قۆرغی‌ زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ یاری‌ ده‌كات.

له‌خاڵه‌لاوه‌زه‌كانی‌ فشاری‌ به‌رز زۆرترین یاریزان به‌شداری‌ ده‌كات له‌م شیوازه‌ تاكیتكه‌ی‌ تیپدا بۆ ئه‌گه‌ر هێرشی‌ پێچه‌وانه‌ زۆرتر ده‌بێت و وه‌ كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر دابه‌زینی‌ توانای‌ جه‌سته‌ی‌ یاریزان هه‌یه‌ چونكه‌ هه‌وڵێكی‌ زیاد له‌پێویست ده‌كات كه‌ ره‌نگه‌ له‌یاریه‌كانی‌ داهاتودا ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت به‌هۆی‌ زۆری‌ كێ به‌ركێ و كه‌می‌ پشوو.

له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌مان له‌یاد بێت بۆ په‌یره‌وكردنی‌ شیوازی‌ فشاری‌ به‌رز پێش هه‌موو شتێك پێویستمان به‌ چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌یاریزانانی‌ ئه‌و تیپه‌دا هه‌بێت كه‌ شێوازی‌ فشاری‌ به‌رز په‌یره‌و ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌شێوازه‌ نوێكانی‌ ئه‌و گۆرانكارییه‌ خێراییه‌ی‌ تۆپی‌ پێ كه‌زۆرترین راهێنه‌ر له‌ئێستادا پشتی‌ پێ ده‌به‌ستن وه‌ زۆربه‌ی‌ چاودێرانیش ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رده‌می‌ شۆڕشی‌ تۆپی‌ پێ ناوده‌به‌ن.