بۆچی یاریزانە بەشداربووەکانی جامی ویمبڵدۆن دەبێت جلیان سپی بێت؟

بۆچی یاریزانە بەشداربووەکانی جامی ویمبڵدۆن دەبێت جلیان سپی بێت؟
2019-09-11

3491 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ویمبڵدۆن یەکێکە لە پاڵەوانێتیە گەورەکانی تێنسی سەرزەوی و لە ریزی چوار پاڵەوانێتییەکەى گراند سلامدایە و کۆی خەڵاتەکانی نزیکەى شانزە ملیۆن دۆلارە، ئەوەى جیای دەکاتەوە لە پاڵەوانێتیەکانی تر ئەوەیە کە هەموو یاریزانە بەشداربوەکان دەبێت بە جلی سپییەوە یاریی بکەن.

لەبەرکردنی جل و بەرگی سپی و تەنانەت پێڵاویش لە پاڵەوانێتی ویمبڵدۆن یاسایەکە، رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە سەپاندویانە بەسەر یاریزانەکاندا.

ئەم یاسایە لەلایەن زۆرێک لە یاریزانەکانەوە بە قورس و بێ بنەما ناو دەبرێت و پێیانوایە پێشێل کردنی مافی تاکە.

هۆکاری ناچارکردنی یاریزانەکان بە لەبەرکردنی درێسی سپی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە رابردودا و لەسەدەى هەژدەیەمدا کاتێک لە ئینگلتەرا و لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا یاریی تێنسی سەرزەوی دەکرا، سەرجەم بەشداربوان جلی سپیان لەبەردابووە، هەر بۆیە رێکخەرانی پاڵەوانێتیەکە لە ئێستادا دەیانەوێت ئەو تەقالیدەى رابردوو لە یاد نەکەن و یاریزانەکانیان ناچار کردوە بە درێسی سپیەوە دەربکەون.

زۆربەى پاڵەوانێتیەکانی تریش پێشتر هەمان یاسایان دانابوو بۆ یاریزانەکان بەڵام دواتر گۆرانکارییان بەسەردا هات، پاڵەوانێتی ئەمەریکاى کراوە لە ساڵی 1972 دا بریاریدا یاریزان سەربەست بێت لەوەی هەر رەنگێک لەبەر دەکات.

جگە لە ئیجبارکردنی یاریزانەکان بەلەبەرکردنی رەنگی سپی لە پاڵەوانێتیی ویمبڵدۆن، وەک نەریتێکی پێشو، هاندەرانیش بۆیان هەبوو تێکەڵەى شلک و کرێم بخۆن.

ئەوەى مایەى سەرنجە ریکلامی بازرگانی تایبەت بە سپۆنسەرەکانی ئەو پاڵەوانێتیە لە دەورو بەری یاریگاکە نەدەبینرا، تەنها کۆمپانیای رۆلێکس سپۆنسەری تابلۆی نیشاندانی ئەنجامەکانی دەکرد لە زۆربەى یاریگاکاندا.