سەردێڕ:

تورکیا.. لە رووداوێکی هاتوچۆدا زیاتر لە ٨٠ کەس گیانیانلەدەستدا و برینداربوون

پێداکێشانی شەمەندەفەرێک بە شەمەندەفەرێکی دیکەدا لە شاری ئەنقەرە
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2018-12-13

2020 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بەهۆی پێداکێشانی شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر بە شەمەندەفەرێکی تاقیکردنەوەدا، ٩ کەس گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە ٨٠ کەسی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستی چواریان ناجێگیرە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، شەمەندەفەرەکە لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە بەرەو شاری کۆنیا ڕۆشتوە و رووداوەکە کاتژمێر (٦:٣٠) خولەکی بەیانی بووە. خێرایی شەمەندەفەرەکە لە کاتی رووداوەکەدا (٨٠ بۆ ٩٠) کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە کاتی رووداوەکەدا پردێکی هەوایی بەسەر شەمەندەفەرەکەدا رووخاوە و ئەو بریندارانەی لە ناو فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکەدا دەرهێنراون بۆ نزیکترین نەخۆشخانەکانی ناوچەکە گواستراونەتەوە.

واسیب شاهین پاریزگاری ئەنقەرە لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن دەستیان بە رزگارکردن و گواستنەوەی بریندارەکان کردووە بۆ نەخۆشخانەکان و هیوای خۆشی بۆ زیادنەبوونی ژمارەی قوربانییەکان خواست.

رووداوەکە لە هێلی شەمەندەفەری خێرا روویداوە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە نێوان چەند شارێکی تورکیادا کرایەوە.

ع.ا