سەردێڕ:

سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیدا بە چاکسازی و زیادکردنی موچە

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-11

2053 جار خوێندراوەتەوە

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیدا ریفۆڕمی سەرتاسەری لە وڵاتەکەی ئەنجامبدات و موچەی کارمەندان و خاوەن کارەکان زیاد بکات.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە وتارێکی تەلەفزیۆنێدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی چەند هەفتەی رابردووی وڵاتەکەی رایگەیاند، " توڕەیی کۆمەڵگەی فەڕەنسی پشتگوێ ناخەم و خۆشم بە بەرپرسیار دەزانم لە بەشێکی کێشەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد، توڕەیی خۆپیشاندەران قوڵە و زۆرجار مافی خۆیانە ناڕەزایەتیی دەرببڕن".

سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیشدا بەرنامەی زیادکردنی باجی خانەنشینە کەمدەرامەتەکان هەڵبوەشێنێتەوە و بە وتەی ناوبراو کەمترین موچەی مانگانە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە فەڕەنسا ١٠٠ یۆرۆى بۆ زیاددەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، "نزیکەی ٤٠ ساڵە نەخۆشییەک فەڕەنسای گرتووەتەوە کە بووەتەهۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە بەشێک لە گوند و شارەکان و گوزەرانی ژیانی هاووڵاتییانی خراپترکردووە".

نزیکەى سێ هەفتەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی بەشێک لە شارە گەورەکانى فەرەنساى گرتووەتەوە کە بە خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان ناسراوە. وێڕای سازشکردنەکانی سەرۆکی فەڕەنسا و حکومەتەکەی بە هەڵپەساردنی باجەکان بە شێوەیەکی کاتیی بەهۆی ئەو فشارانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، هێلەک زەردەکان هێشتا ناڕازین و هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی نوێی بەرفراوان دەکەن.

ش.ق