سەردێڕ:

دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ: لە هەرێمى کوردستاندا مافى هاوڵاتیان پارێزراو نییە

فۆتۆ: 
2018-12-10

652 جار خوێندراوەتەوە

پاشەکەوتی مووچە، نەبوونی هەلی کار و ڕاگرتنی دامەزراندن، نەهاتنەوەی ناوی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی دەرفەتی خوێندن، ئەو پێشێلکارییانەن کە بەرامبەر بە مرۆڤ کراون لە هەرێمی کوردستاندا.

زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤى هەرێم دەڵێت، بەپێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، هەموو کەسێک مافی ژیان و ئاسایشی هەیە، بەڵام  لە هەرێمی کوردستاندا مافی ژیانی هاوڵاتییان پارێزراو نییە و مافە ئابورییەکانی مرۆڤ پێشێلکراوە، دەشڵێت پێویستە چەند یاسایەکی نوێ دەربکرێت، لەبارەی مافی نەخۆش و پزیشکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

لە یادی ٧٠ ساڵەی دەرچوونی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا، ڕێکخراوی یۆنامی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، لەڕێگەی زانکۆکانەوە هەڵمەتێکی هۆشیارییان ئەنجامدا.

توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپشاندەران و کوشتنی هاوڵاتییان و ڕێگری لە ئازادی ڕادەربڕین، ئەو بابەتانەن کە وەک پێشێلکاریی لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە لە ڕاپۆرتەکاندا دەخرێنەڕوو.

بە وتەی چالاکێکی مافەکانی مرۆڤ، هاوڵاتییان کاتێک لە ماڵ دەچنە دەرەوە، دڵنیانین لەوەی دەگەڕێنەوە یان نا.

شوان محەمەد چالاکی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، قورسترین چەکەکانى دەستى چالاکوان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییە، بەڵام دەگیرێن و سوکایەتییان پێ دەکرێت، لەکاتێکدا لە دەوڵەتانى تردا ئامرازى زۆر کاریگەریان لەبەردەستە دەگاتە سنورى ئەوەى داوا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەکەن هێز بەکاربهێنێت بۆ لابردنى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ.

بەپێی ڕاپۆرت و بەدواداچوونەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠١٤وە حکومەت و حزبەکان زۆرترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە هاوڵاتییان.