سەردێڕ:

بۆچى هەندێک لە حزبەکان پارتى بە برا گەورە دەزانن؟

فۆتۆ: 
2018-12-10

5777 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر لە ڕابردوودا دروشمى "پێشڕەوى کورد پارتییە، سـەرۆکـمان بارزانییە" تەنها لەلایەن شوێنکەوتووانى پارتییەوە وترابێتەوە، و پارتى تەنها پێشڕەوى ئەندام و لایەنگرەکانى خۆى بووبێت، ئەوا ئێستا ئەم دروشمە گۆڕاوە و لاى بەشێک لە حزبە سیاسییەکانى دیکەى هەرێمیش بووە بە: براگەورەى کورد پارتییە، مـەرجـەعمان بارزانییە.

بێدەنگى حزبە سیاسییەکانى هەرێم و بەتایبەت بەرپرسە باڵاکانى یەکێتى و گۆڕان وەکو دوو حزبی سەرەکى، بووە هۆى ئەوەى پارتى بتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاى حزبە سەرەکییەکانى دیکە کۆى سیستمى سیاسیی لە هەرێمى کوردستان بە بنەماڵەیی و پاشان بە خێزانى بکات و بەرپرسانى ئەو حزبانەش پیرۆزبایی لە هەردوو ئامۆزا بکەن وەک سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت.

حوکمى ئامۆزاکان ئەگەرچى لە چوارچێوەیەکى یاساییدایە، بەڵام بەدەرنییە لەمۆرکى خێڵەکیانەو لەئەدەبیاتى پارتیدا، مەسرور بارزانى بە "برا گەورە" وێنا دەکرێت کە زاراوەیەکى کۆمەڵایەتى نا سیاسییە.

نووسەر و مامۆستاى زانکۆ ئاراس فەتاح لە وتارێکدا باس لە مەترسییەکانى حوکمى براگەورەیی دەکات و دەڵێت، دەوڵەتی براگەورە لە ڕێگای شکاندنی ئیرادەی مرۆڤەکانەوە ووشیارییەکی شکستگەرایی لەناو عەقڵ و رۆحی ھەموواندا بەرھەمدەھێنێت و ئەو وەھمە لای تاکەکان دەکات بە ھەقیقەتێکی گومانھەڵنەگر کە دەسەڵاتی براگەورە دۆخێکی ئەبەدییە و ھیچ ھێزێک نییە بتوانێت پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەستکاریی بکات و گۆڕانکاریی بەسەردا بھێنێت.

ئاراس فەتاح ڕەخنە لە حزبە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانى هەرێم دەگرێت و دەڵێت، لە ھەرێمی کوردستاندا نموونەی کاراکتەری سیاسیی و ئەدەبیی و ھونەریی و فیکریی و میدیاییمان کەم نییە کە لە دەرەوە رۆڵی شۆڕشگێڕێک لەناو ڕووبەری گشتییدا دەگێڕن، بەڵام لەناوەوە چ بۆ پارە یان بۆ پایە کار بۆ تەوریسیی سیاسیی و خێزانیی براگەورە و برابچووکەکان دەکەن و زەمینە بۆ شەرعییەتدان بە سیستەمی سیاسیی و حیزبیی سوڵتانیزم سازدەکەن. ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە کە مرۆڤی ئێمە گومانێکی قووڵی لە ڕاستگۆیی ھەموو ئەو کاراکتەرە دەبڵ مۆڕاڵ و دووڕوانە ھەبێت.

بەشێک لە ڕەخنەگرانیش ئاماژە بەوەدەکەن، لە ٢٧ ساڵى ڕابردوودا حزبەکانى هەرێمى کوردستان، ڕۆڵى براگەورەیان بە پارتى و سەرۆکەکەى بەخشیوە و هەمیشە سازشیان لە بەرامبەر بڕیار و ڕاسپاردەکانى ئەو حزبەدا کردووە، ئەمەش وایکردووە پارتى خۆى بە کەسی یەکەم و خاوەنى کۆى هەرێمى کوردستان و بەخێوکەرى دانیشتووانەکەشى بزانێت.

ئەو ڕەخنەگرانە دەشڵێن، پێدانى ڕۆڵى براگەورە بە پارتى بە جۆرێکە لە ئێستادا پارتى دەست وەردەداتە ناو بڕیارە ناوخۆییەکانى حزبەکانى دیکەشەوە، نموونەش بۆ ئەوە بەوە دەهێننەوە لەکاتى دیاریکردنى سەرۆک لیستەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ٣٠ ئەیلولى ئەمساڵ، پارتى هێڵى سورى لەسەر بەشێک لە کەسایەتییەکانى ناو پەکێتى و گۆڕان هەبوو بۆ لەئەستۆگرتنى ئەو رۆڵەو هەر بە بڕیارى پارتیش ئەو یۆستانە یەکلایی کرایەوە.

هاوکات بەشێک لە وانەى کۆمێنتیان لەسەر دۆخى سیاسیی هەرێم هەیە دەڵێن، جێگەى تێڕامانە حزبەکانى دیکەى دەرەوەى پارتى هیچکات قسە لەسەر پۆستە سەرەکییەکانى هەرێم و بەتایبەت سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکى حکومەت ناکەن و هەمیشە ئەو پۆستانە بە مافى ڕەواى پارتى دەزانن، ئەم بێدەنگییەش جگە لەوەى ڕۆڵ و پێگەى پارتى بەهێزتر کردووە، دۆخێکیشى لاى لایەنگرانى ئەو حزبانەش دروستکردووە کە قایل بن بە بڕیارەکانى سەرکردایەتییەکانیان.

بەپێى ئەزموونى خولەکانى هەڵبژاردنیش لەهەرێم بەدرێژایی کابینەکانى پێشووى حکومەت هیچ کات پارتى و یەکێتى و حزبەکانى تر، کاندیدیان بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت دیاری نەکردووە، بەڵام نەوەى نوێ بۆ یەکەمجار ئەو نەریتەى شکاند و سەرۆکى جوڵانەوەکەى وەکو کاندید بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت دیاریکرد. زۆرێک لەوانەى لەحوکمى هەردوو حیزبەکەو بنەماڵەکانیان وەڕەس بوون ئەم پێشهاتە بەسەرەتایەکى گرنگ دەبینن بۆ هێنانە سەر سکەى شەمەندەفەرى حوکمڕانى کە بەزەبرى هێزو سامانى تاڵانکراو لەلایەن بنەماڵە سیاسییەکانەوە قۆرغ کراوە.