سەردێڕ:

سعودیە رەتیکردەوە تۆمەتبارانی کوشتنی خاشقچی ڕادەستی تورکیا بکات

جەمال خاشقچی دووی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەناو کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا کوژرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-10

1255 جار خوێندراوەتەوە

عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، ئەو ھاووڵاتییانەی وڵاتەکەی کە بە تاوانی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی تۆمەتبارکراون ڕادەستی تورکیا ناکرێنەوە.

عادل جوبەیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، تاوانبارانی کەیسی خاشقچی ڕادەستی داواکاری گشتی سعودیە کراون، بۆیە ناتوانێت قسە لەسەر پرسەکانی دادوەری بکات و داواکاری گشتی قسەی خۆی ھەیە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، سعودیە دەرگای کراوەیە بۆ ھەر بەڵگەیەک کە سودی بۆ لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کوشتنی جەمال خاشقچییەوە ھەبێت.

عادل جوبەیر ئاشکراشیکرد، سعودیە ھیچ شتێک ناشارێتەوە و گشت ئەو زانیاریانە بڵاودەکاتەوە کە لەوبارەیەوە بەدەستی دەگات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر دادوەری گشتی ئیستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ژمارەیەک تۆمەتباری ئەو کەیسە دەرکرد.

ڕۆژى دووى تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دوای چوونە ژوورەوەی بۆ ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودییە بێسەروشوێنبوو، دوای ٤٠ رۆژیش سەرۆکایەتی داواکاری گشتى سعودیە ئاشکرایکرد، خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەى وڵاتەکەیدا لە ئیستەنبوڵ کوژراوە و تەرمەکەی پارچەپارچەکراوە.

ش.ق