سەردێڕ:

پشدەر.. بەهۆى ڕووخانى پردی گوندێکەوە دانیشتوانەکەی ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە

بەهۆى ڕووخانى پردی گوندێکەوە دانیشتوانەکەی ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-12-10

2415 جار خوێندراوەتەوە

 بەهۆی باران بارینەوە پردی گوندی باراوەی سەر بە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر ئاو بردیی و دانیشتوانی گوندەکەش ناچارن بە گوێدرێژ هاتوچۆ بکەن.

لەگەڵ بارینی بارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، لەماوەیەکی کەمدا ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بەرزبووتەوە و بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوەکەشەوە، دانیشتوانی گوندەکە هاتوچۆیان بە گوێدرێژیش ئەستەم بووە.

بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکەش باس لەوە دەکەن، لە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا سێ جار پردی گوندەکەیان ئاو بردویەتی ،  بەهۆی ڕووخانی پردەکەشەوە ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە و بچنە بنکەکانی تەندروستی، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەشیان بەهۆی لافاوەوە تێکچووە .

نەهرۆ عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە دیجیتاڵ میدیای ئین ئاڕ تی، لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی پردەکە بەشێوەیەکی کاتی و تا ئەوکاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و لەلایەن وەزارەتی تایبەتمەندەوە بودجەی تایبەتی بۆ دابین دەکرێت و هەوڵیانداوە تانکیش بۆ ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەکە دابین بکەن.

گوندی باراوە دەکەوێتە باکوری ناحیەی سەنگەسەر و پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی ئەو ناحیەکەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی۱۰۰ کەس دەبێت و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە چەند جارێک لافاو زیانی ماددی بە دانیشتوان و پڕۆژەخزمەتگوزاریەکانی گوندەکە گەیاندووە.