سەردێڕ:

هادی عامری: فەیاز کاندیدی عەبدولمەهدییە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و نایسەپێنین بە سەر کەسدا

تا ئێستا هەشت وەزارەت ماون دیاریبکرێن
هادی عامری
فۆتۆ: 
2018-12-09

1505 جار خوێندراوەتەوە

هادی عامری ڕایگەیاندووە، فەیاز کاندیدی عەبدولمەهدییە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و نایسەپێنێن بە سەر  لایەنە سیاسییەکانی تردا.

هادی عامری سەرۆکى هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، فالح فەیاز کاندیدی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و  هەڵبژاردندیشی بەسەر کەسدا ناسەپێنن.

ئەوەشی وتووە، مەرجەعیەتی ئاینی ئازادی تەواوی بڕیاردانی داوە بە عادل عەبدولمەهدی لە هەڵبژاردنی کابینەکەیدا و  پێشتریش ئێمە لەگەڵ سائیرون لەسەر ١٤ وەزیری ئەو کابینەیە  هاوڕابووین و هەڵبژێردراون.

هادی عامری ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە  کاندیدکردنی فالح فەیاز بۆ پۆستى وەزیری ناوخۆی بە فشاری وڵاتێکی دەرەوەی عێراقەوە بەڵکو کاندیدکردنەکەى بە تەواوی بڕیارێکى عێراقییە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئێمە هەڵبژاردنیشی لە ناو پەرەلەماندا بەسەر هیچ لایەنێکی سیاسیدا ناسەپێنین و  پێشتریش لە حکومەتەکانی عێراقدا هەبووە چەند وەزیرێک دەنگی لەسەر نەدراوە لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوە کارێکی ئاساییە".

ئەمەش لە کاتێکدایە ، پەرلەمانى عێراق بۆ جارى دووەم لە پاش شکستهێنانى تەواوکردنى متمانەدان بە کابینەى عەبدولمەهدى ڕۆژى شەممە دانیشتنێکی ترى گرێدا و ئەم دانیشتنەش وەک ئەوەى پێش خۆى نەیتوانى چارەنووسى کابینەى ناتەواوى ئێستاى حکومەت بە لایەکدا بخات، کە لە کۆى ٢٢ وەزارەت تەنها ١٤یان وەزیریان بۆ دانراوە، ژمارەیەکیش لەوانە بەهۆى تۆمەتەکانى بەعسیبوون و گەندەڵى لەژێر هەڕەشەى پرساندن و وەرگرتنەوەى متمانەدان.

 تا ئێستاش هەشت وەزارەت ماون دیاریبکرێن و کێشەو ناکۆکیش لە نێوان لیستى سائیرون و لایەنەکانی تری شیعەدا هەیە و بەو هۆیەوە یەکلانەبووەتەوە.