سەردێڕ:

زۆرینەى حزبەکان لەپێناو و وەرگرتنى چەند پۆستێکى لاوەکی بێدەنگن

فۆتۆ: 
2018-12-08

1683 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر بە کۆى مۆدێلە حزبییەکانى جیهاندا بگەڕێیت، ڕەنگە نمونەیەکى زۆر کەمى حزب و حکومەتى بنەماڵەییت لە وڵاتانى جیهانى سێیەمدا دەستبکەوێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا دوو حزب کە ٢٧ ساڵە کۆى جومگە سەرەکییەکانیان بەدەستەوەیە بنەماڵەیین و لە دواترین داهێنانیشیدا پارتى دەیەوێت کۆى سیاسەت و بڕیارەکانى هەرێم بکات بە بنەماڵەییەکى تەواو.

حزبی بنەماڵە بۆ هەرێم دەستەواژەیەکى نوێ نییە و لە سەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردووەوە لەلایەن باڵى جەلالى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان داهێنرا و، دواتر هەر ئەو دەستەواژەیە پارتى کرد بە دوو بەشەوە و بەرپرسانى ئەوکاتى باڵى جەلالى ناو پارتى و بەتایبەت جەلال تاڵەبانى و ئیبراهیم ئەحمەد لە پارتى جیابوونەوە، چونکە پێیانوابوو مستەفا بارزانى پارتیی کردووە بە حزبی بنەماڵە.

دواتریش و بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠٠٧، نەوشیروان موستەفا ڕەخنەکانی لەسەر یەکێتی و خودی جەلال تاڵەبانی چڕتر کردەوە، تا گەیشتە ئەوەی لەم کۆتاییەدا بەتەواوی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی تۆمەتباردەکرد بەوەی حیزبێکی بنەماڵەییە و خێزان و بنەماڵەی تاڵەبانی دەستیانگرتووە بەسەر حیزبەکەدا.

پێکهاتەى حزبی بنەماڵە لاى پارتى و یەکێتى بووە بە واقیع و لەئێستادا کەسانى دەستڕۆیشتووى ئەو دوو حزبە لە باوک و دایک و کوڕ و برازا و ئامۆزا پێکهاتووە، کە کۆنترۆڵى کۆى بڕیارەکان و داهاتى ئەو حزبانەیان کردووە.

بەشێک لە ڕەخنەگرانى هەرێم ئاماژە بەوە دەدەن، دواى ئەوەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى هەریەک لە مەسرورى کوڕى بۆ سەرۆکى حکومەت و نێچیرڤانى برازایی بۆ سەرۆکى هەرێم کاندیدکرد، چاوەڕوانى ئەوە دەکرا حزبەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتى بە توندى بەرپەرچى ئەو بڕیارەى بارزانى بدەنەوە و بە بنەماڵەییکردنى کۆى سیستمى سیاسى هەرێم قبوڵ نەکەن.

ئەو ڕەخنەگرانە، ڕەخنە لە بێهەڵوێستیى حزبەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتییش دەگرن و دەڵێن، پێشتر زۆرینەى حزبەکانى هەرێم و کارەکتەرە سیاسییە ڕەخنەگرە دیارەکانیان، دژى سیستمى بنەماڵەیی بوون و ڕەخنەى توندیان لە پارتى و یەکێتى دەگرت، بەڵام لە ئێستادا لەپێناو بەشداریپێکردنیان لە حکومەت و وەرگرتنى چەند پۆستێکى لاوەکی بێدەنگن لە ئاست بە بنەماڵەییکردنى کۆى سیستمى سیاسی.

بە بۆچوونى چاودێرانیش تاکە حزب کە بە ئاشکرا دژى حوکمى بنەماڵەییە، نەوەى نوێیە، بەهۆى بەدەستهێنانى بەرژەوەندییەکانیشیانەوە لە ئێستادا حزبەکانى دیکە ئەو جوڵانەوە جەماوەرییەیان بە تەنیا بەجێهێشتووە و، هیچ حزب و گروپێکى سیاسیی پشتگیرى بەرهەڵستییەکانى ئەو جوڵانەوەیە ناکەن کە دژى حوکمى بنەماڵەییە، بگرە زۆرجار حیزبەکانی تری دەرەوەی یەکێتی و پارتی زۆر لایان ئاساییە دەست بخەنە دەستی دوو بنەماڵە و یەکێتی و پارتی، بەڵام لایان ئاسایی نییە پشتیوانی تەوژم و گوتاری نەوەی نوێ بکەن تایبەت بە زەرورەتی دژایەتی حوکمی بنەماڵە لە هەرێم.

هاوکات سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتارى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، لە پۆستێکدا نوسیوویەتى، چاوەڕوانبن دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ کادرە حزبییەکانى لایەنەکان کە پۆستیان بەرناکەوێت دەستدەکەن بە ڕەخنەگرتن و بۆڵەبۆڵ، گوایە لە بەرەی خەڵکن، بەڵام ئێستا نقەیان لە خۆیان بڕیوە و جگە لە نەوەى نوێ کەمترین ناڕەزایی لەناو حیزبەکان دەبیسترێت.

ئەو پەرلەمانتارەى نەوەى نوێ دەپرسێت، کوا ڕەخنەگرانی جددی ناو حیزبە تەقلیدییەکان، کە هەڕەشەی خۆپیشاندان و ڕەتکردنەوەی حوکمی بنەماڵەییان دەکرد و، لە مەراسیمى شەهیدانى قەڵەم و ڕۆژنامەنووساندا بوبوونە پاڵەوان و خەڵاتیان بە ناوی بەرگریکردن لە ئازادی وەردەگرت.

دەشڵێت، نەوەی نوێ زۆر تەنیایە و بە تەنیا دەنگی ئەو جوڵانەوەیە چ وەک حزب و چ وەک خەڵک دەبیسترێت، هەمووان لەبەر وەرگرتنی پۆست لای جووت ئامۆزا نقەیان لە خۆیان بڕیوە.

لە ئێستادا جگە لە یەکێتی و پارتی، لەناو گۆڕانیشدا گلەیی هەیە تایبەت بە بنەماڵەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەمبارەیەوە محەمەد عەلی ڕێکخەری پێشووی ژووری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە فەیسبووک نوسیوویەتی، "ژمارەیەک گەنجی شەھادەداری (پۆستپەرست) و سیاسی بە تەمەنی (عەبقەری!)، حوکمی بنەماڵەیان لە بزوتنەوەکەی خۆیان و حیزبەکەیان قبوڵە و بەرگری سەختیش لە نەوەی خێزانە سیاسییەکان دەکەن، بەڵام لە میدیاکانەوە دژبە حوکمی بنەماڵە دەنووسن و لێدوان دەدەن....؟! چ بێشەرمییەکی سیاسی ڕووی لەم ھەرێمە کردووە...؟!"