سەردێڕ:

جارێکى تر پەرلەمانى عێراق نەیتوانى پرسى تەواوکردنى کابینەکەى عەبدولمەهدى یەکلایی بکاتەوە

تا ئێستا پەرلەمان تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ یەکلایی نەکراوەتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-08

1712 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانى عێراق بۆ جارى دووەم لە پاش شکستهێنانى تەواوکردنى متمانەدان بە کابینەى عەبدولمەهدى ڕۆژى شەممە دانیشتنێکی ترى گرێدا. ئەم دانیشتنەش وەک ئەوەى پێش خۆى نەیتوانى چارەنووسى کابینەى ناتەواوى ئێستاى حکومەت بە لایەکدا بخات، کە لە کۆى ٢٢ وەزارەت تەنها ١٤یان وەزیریان بۆ دانراوە، ژمارەیەکیش لەوانە بەهۆى تۆمەتەکانى بەعسیبوون و گەندەڵى لەژێر هەڕەشەى پرساندن و وەرگرتنەوەى متمانەدان.

پەرلەمان نەک هەر حکومەتى عەبدولمەهدى، بەڵکە بەهۆى ناکۆکییەکانەوە سەرۆکایەتى لیژنە هەمیشەییەکانى خۆیشى بۆ یەکلایی نەکرایەوە و بڕیاریدا بەتەمەنترین کەس بەڕێوەیان ببات و بڕیاردەریان بێت، تا ئەوکاتەى ناکۆکییەکان لەبارەیانەوە یەکلایی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەم دامەزراوەیە لە سەرەتاى مانگى ئەیلولى ڕابردوەوە یەکەم دانیشتنى وەرزى نوێى یاسادانانى گرێداوە.

بەپێى ئەو دراوانەى لەبەردەستدان، لەوانەش دانانى وەزیرى داد بە وەکالەت، پێ ناچێت بەمزووانە گرێى تەواوکردنى حکومەتى عەبدولمەهدى بەرەو کرانەوە بڕوات، بەتایبەت لە سایەى ئەو شەڕە لێدوانەى لە نێوانى هاوپەیمانێتى سائیرون و گروپەکانى حەشدى شەعبى لەئارادایە لەسەر کاندیدەکانى هەشت وەزارەتە بەتاڵەکە.

لەمبارەیەشەوە لە نوێترین لێدواندا لەسەر وەزارەتى ناوخۆ، نورى مالیکى سەرۆکى دەوڵەتى یاسا سەپاندنى هەژموونى سائیرونى سەدر بەسەر پەرلەماندا ڕەتدەکاتەوە، کە دەیانەوێت سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى، فالح فەیاز لە کێبەرکێکانى سەر وەزارەتى ناوخۆ دووربخەنەوە. مالیکى چەندجارێک جەختى لەوە کردووەتەوە هیچ لە کاندیدەکان ناگۆڕدرێن و دەبێت دەنگدانى ناو پەرلەمان چارەنووسیان یەکلایی بکاتەوە.

ئەم هەڕەشانەى مالیکى کە پاڵپشتە بە پێداگریی ئێرانییەکان لەسەر ڕەتکردنەوەى پەڵپەکانى سەدر، بەو واتایە دێت کە کاندیدى وەزارەتى دادیش هەر بە حاکم دارا نورەدین دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا یەکێتى هەوڵى زۆری داوە بیگۆڕێت بە خالید شوانى.

لەلاى خۆشییەوە ڕۆژنامەى ئەخبارى لوبنانى نزیک لە تاران دواخستنى دیاریکردنى دانیشتنى متمانەبەخشینى بە کاندیدە وەزارییەکان بە ڕاکردن لە واقیع داوەتە قەڵەم و باسى لەوە کردووە، عەبدولمەهدى یەکەم کەس دەبێت باجى ئەوە دەدات چونکە بە لاواز و لەرزۆک دێتە بەرچاو لە داکۆکیکردن لە کاندیدەکانى وەزارەتەکەى بەرانبەر ڕێگرییەکانى سەدر و لیستەکانی ترى هاوپەیمانێتى ئیسڵاح.

بەپێى بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى ئەرکى سەرەکیی لیستەکانى ئیسڵاحى سەدر و عەبادى و حەکیم بووەتە ڕێگر لە فەیاز لەکاتێکدا باوەڕێکى زاڵ هەیە ئەگەر بخرێتە دەنگدانەوە دەنگى پێویستى هەیە بۆئەوەی ببێتە وەزیرى ناوخۆى عێراق.

ع.م