سەردێڕ:

ئێران بە لێشاوی مادەی هۆشبەر و پەنابەران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-08

11357 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بە لێشاوی مادەی هۆشبەر و پەنابەران و هێرشکردن هەڕەشەی لە خۆرئاوا کرد، ئەگەر بێت و گەمارۆکانی ئەمریکا تواناکانی تاران لاوازبکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە.

ڕۆحانی لە وتەیەکدا لەمیانی دەستپێکردنی کۆنگرەی دووەمی نێودەوڵەتی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی دەوڵەتانی ئێران و ڕوسیا و چین و ئەفغانستان و پاکستان و تورکیا، ئەمڕۆ شەممە (٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەن لە سەپاندنی ئەو گەمارۆیانەی کە دەبنەهۆی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر تواناکانی تاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و تیرۆر، چونکە لەوە بەدواوە، هیچ ئارامییەک نامێنێت بۆ لێشاوی مادە هۆشبەرەکان و پەنابەران و بۆمب و تیرۆر.

ئاماژەی بەوەش کرد، "سزاکانی ئەمریکا نایاسایی و نابەرامبەرە لە دژی ئێران و سەپاندنی تیرۆری ئابوری دروستکراوە بۆ سازاندنی جۆرێک لە ترس و تۆقاندن بۆ ئابوری وڵاتێک و ترس لە وڵاتانی دیکە، بۆئەوەی ڕێگری بکرێت لە هەلی وەبەرهێنان تیایدا."

لەلایەکی ترەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەکی زیاتر لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەفرۆشێت، کە زۆر زیاترە لە پێداویستییەکانی ناوچەکە و ئەوەشی بە بەرمیلە باروت ناوبرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، فرۆشی چەکی ئەمریکی بەو ڕێژەیە نائاساییە و ئاستی پێداویستییەکانی هەرێمایەتی تیپەڕاندووە و ئەوەش سیاسەتێکی زۆر مەترسیدارە کە ئەمریکییەکان پەیڕەوی دەکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیمزاکراوی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، کە بە ڕێککەوتننامەی پێنج کۆ یەک ناسراوە، واشنتۆن زنجیرەیەک گەمارۆی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بە شێوەیەک دامەزراوە بازرگانی و بانکی و نەوتی و پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەربکەوێت، بەتایبەت لە مانگی ڕابردوودا کاریگەریی بەرچاوی هەبوو لەسەر دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا.

ع.م