سەردێڕ:

لەسەر بەشێک لە شەقامى ١٢٠ مەتریى هەولێر ئاو کۆبووەتەوە

فۆتۆ: 
2018-12-08

9245 جار خوێندراوەتەوە

پێش ئەوەی پرۆژەکە تەواوبکرێت، کەموکوڕییەکانی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر دەرکەوتن، لەگەڵ سەرەتای وەرزی بارانباریندا، بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆوە لە هەندێک شوێنی شەقامەکەدا ئاو لەسەر شەقامەکان کۆدەبێتەوە، بەشێک لەو شۆفێرانەش کە بە شەقامەکەدا تێدەپەڕن بەهۆی تیژڕەویی و کۆبوونەوەی ئاوەوە، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن.

شەقامی ١٢٠ مەتری بە دەوری شاری هەولێردا دەسوڕێتەوە و درێژییەکەی ٣٨ کیلۆمەترە، پرۆژەکە بە سێ قۆناغ لەلایەن کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدەدرێت، ئێستا پرۆژەکە تەنها قۆناغی کۆتایی ماوە بۆئەوەی تەواوبکرێت.

لەسەر گرفتەکانی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر ئەو شەقامە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار قسەیانکردووە و چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکانن.

وتیشی، فلتەرى شەقامەکە لە ئاستى پێویستدا نییە و ئەو شوێنەى کە ئاوەکەى تێدا کۆدەبێتەوە چاڵاییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دروستکردنی پرۆژەیەک بەو کەموکورتییانەوە کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە و ڕەخنەی لێ گیراوە، لەکاتێکدا پرۆژەکە بە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکان لە قەڵەم دەدرێت.

عومەر عینایەت ئەندازیارى ڕێگاوبان دەڵێت، کەمتەرخەمی لە دیزاین و جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆژەکەدا هەیە و دەبێت لەکاتی ئەنجامدانی پرۆژەکەدا ڕەچاوی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بکرێت.

لە شەقامی ١٢٠ مەتریدا، شۆفێران دەتوانن لە ماوەی ٢٢ خولەکدا بە چواردەوری شاری هەولێردا بسوڕێنەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ٤٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخانکردووە و کارکردنیش لە پرۆژەکەدا بەردەوامە.