سەردێڕ:

زیانەکانى لافاو لە سنورى پارێزگاى سلێمانى

لافاوەکەى شارى سلێمانى
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-12-08

3913 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا وەرزی پاییز بەرەو کۆتایی دەچێت، بارانبارینی بەلێزمە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان لافاوی دروستکرد و زیانی بە هاوڵاتییان گەیاند، بە شێوەیەک چەند پردێکی هاتوچۆ ڕووخان، هاوکات بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاوی بەنداوی سماقوڵییەوە گرفتی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی دروستبوو.

هەر بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی ئاو چووە ناو ماڵی هاوڵاتییانەوە و چەندین خانووش زیانی ماددییان بەرکەوت و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکیش ئاو بردی.

ئەو هاوڵاتییانەى زیانیان لێکەوتووە ڕایدەگەیەنن بارودۆخیان خراپە و ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیانەوە و هەموو کەلوپەلەکانیان تەڕ بوون.

بۆ لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی لافاو لە سلێمانی، پەرلەمانتارانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چوونە ئەو شوێنانەی لافاو زیانی پێ گەیاندوون و دەڵێن، بەدواداچوون بۆ زیانەکانی لافاو و هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە دەکەن و هەوڵدەدەن ئەو کێشانە چارەسەربکەن کە بەهۆی لافاوەوە دروستبوون.

دیارى ئەنوەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى نەوەى لە پەرلەمانى کوردستان بە زیانلێکەوتووانى لافاوەکەى ڕاگەیاند، وەکو جوڵانەوەى نەوەى نوێ ئەوەى پێیانبکرێت هەموو هاوکارییەکیان دەکەن.

بەشێک لە هاوڵاتییان هۆکاری دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاوازەکان بۆ کەمی خزمەتگوزاری شارەوانی و نەبوونی ئاوەڕۆی پێویست دەگەڕێننەوە.

تا ئێستا حکومەتی هەرێم بە فەرمی قەبارەی ئەو زیانە ماددیانەی ڕانەگەیاندووە کە بەر هاوڵاتییان کەوتوون، هەر بەهۆی لافاویشەوە کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە گوندی کەوەڵەی سەربە ناحیەی سەنگاو خنکا، هاوکات لە گوندی کەوبێن سەربە ناحیەی سەرکەپکانی سنوری قەزای ڕانیە، خانووی هاوڵاتییەک بەهۆی لافاوەوە ڕووخا.

ئ.ر