سەردێڕ:

ساتی گیانلەدەستدانی دەرهێنەری درامای ماڵەکەی مەعروف

رەحیم زەبیحی دەرهێنەری درامای ماڵەکەی مەعروف و براکەی بەهۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەوە گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-08

139064 جار خوێندراوەتەوە

سەر لە ئێوارەی رۆژی هەینی (٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) لە سەر رێگای گوندی نێزەڕۆی سەر بە شاری بانە لەرۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەحیمی زەبیحی دەرهێنەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد لەگەڵ کەیوانی برایدا بەهۆی وەرگەڕان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە گیانیانلەدەستدا. دواتر گرتەڤیدیۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەیەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە و براکەی، هەندێک لە ماڵپەڕە کوردییەکانی تایبەت بەڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن کە رووداوەکە گوماناوییە و رووداوی هاتوچۆ بە هۆکاری سەرەکی ئەو دوو کەسە نازانن.

هەروەک لە گرتەڤیدۆکەشدا دەردەکەوێت، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە بەئەنقەست روویداوە و جێی گومانە.

ماڵپەڕی کوردستان و کورد کە ماڵپەڕی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستانە، بڵاویکردووەتەوە، "تەرمی سووتاوی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براکەی بە دەست بەسراوی لە ماشێنەکەدا دۆزراوەنەتەوە و بەوەش گومانی کوشتنی بە ئەنقەستی ئەو دوو برایە بەهێز دەبێت".

ڕەحیم زەبیحی ساڵی ١٩٧١ لە شاری بانە لە دایکبووە، یەکێکە لە سینەماکارە دیارەکانی کورد، بەهۆی بەرهەمە سینەماییەکانییەوە چەندین خەڵاتی فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بەدەستهێناوە،  وەک دەرهێنەر چەندین فلمی سینەمایی بەرهەمهێناوە، وەک "هاوار"، "سەتەلایت"، "کۆتایی شەڕ"، "ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران"، "ساتە مەزادکراوەکان"، "تیرۆریستێک دادەبەزێ"، "رۆژی دوایی"، "ئیسترێس"، "سەمای ڕەنگەکان"، "ژانی دابڕانی ئەبەدی"، فیلمی "وڵاتی ئەفسانە"، بەشێک لە بەرهەمەکانی لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیدا نمایشکراون و خەڵاتیان وەرگرتووە، جگەلەوەش دەرهێنەری زنجیرە درامای "ماڵەکەی مەعروف" بووە کە لە سەر شاشەی NRT2 پەخشکراوە.

ش.ق