سەردێڕ:

پۆلیسی تورکیا هونەرمەند یەڵدا عەباسی ئازادکرد

یەڵدا عەباس
فۆتۆ: 
2018-12-07

3218 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ  هونەرمەندی کورد یەڵدا عەباس دەستگیرکرا و ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە ئازادکرا.

دوێنێ دوای ئەوەی بەمەبەستی بەشداریکردنی لە ٢٧ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی کەلتوری میزۆپۆتامیا هونەرمەندی کوردی خۆراسانی یەڵدا عەباسی لەگەڵ دایکی سەردانی تورکیای کرد،  بەڵام شەوی ڕابردوو لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ دەستگیرکرا.

پاش دەستگیرکردنی یەڵدا بۆ دادگای باکیرکوبا لە ئەستەنبول گوازرایەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئەوە گەرایەوە کە پەیوەندی هەبووبێت بە ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

پاش ئەوەی کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و لە دوای وەرگرتنی وتەکانی ناوبراو ئازادکرا.

وابڕیارە ڕۆژی یەکشەممە  ٩ی ئەم مانگەی ٢٧ هەمین ساڵیادی ناوەندی کەلتوری میزۆپۆتامیا لە شاری ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت و چەندین هونەرمەندی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو یادە بانگهێشتکرابوون کە یەکێک لەوانە یەڵدا عەباسی بوو.

یەڵدا عەباسی ساڵی ١٩٨٧ لە شاری شیروان لە دایکبووە و لە شاری قوچان دەستی بە خوێندن کردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە تەکنەلۆژیای زانیاری بەدەستهێناوە، لە دواتردا دەستی کردووە بە گۆرانیوتن و بە زیندووکردنەوەی موزیکی ڕەسەنی باکوری خۆراسان دەستی پێکردووە، یەڵدا بە گەنجترین ژەنیارەکانی ئامێری دووتار دادەندرێت و چەندین جار لە پێشبڕکێ جۆراوجۆرەکاندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەشداری کردووە لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری بەناوی تەرەقە کە لە دەرهێنانی محەمەد حەسەنە و شەش خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ڕەزامەندی وەربگرێت بۆ بڵاوکردەنەوەی یەکەم ئەلبومی گۆرانی خۆی.