سەردێڕ:

​چی بەسەر جەستەدا دێت ئەگەر واز لەخواردنی سەوزە و میوە بهێنیت؟

فۆتۆ: 
2018-12-06

3284 جار خوێندراوەتەوە

سەوزە و میوە یەکێکە لە خواردنە گرنگەکان کە سودێکی زۆر بە تەندروستی جەستە دەگەیەنێت و بەدوری دەخات لە زۆربەی نەخۆشییەکان وەکو نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ.

ماڵپەڕی ریدەرس دایجێست لە بابەتێکی تەندروستیدا ئاماژە بە چەند کاریگەرییەکی خراپ دەکات لەکاتی وازهێنان لە خواردنی سەزوە و میوە، ئەوانیش:

١کەمبوونەوەی ڤیتامین و ماددە کانزاییەکان لە جەستەدا

بە پێی وتەی لاورا مۆریی کە پسپۆڕێکی خۆراکییە لە زانکۆی زانستی تەندروستی تەکساس ڕایدەگەیەنێت، نەخواردنی میوە و سەوزە کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر جەستە جێدەهێڵێت، هەرچەندە لەوانەیە ئەو ماددانە کە لە سەوزە و میوەدا هەیە لە خۆراکەکانی تریشدا هەبێت، بەڵام ڕێژەکەیان کەمە و جێگەی ئەوان پڕناکەنەوە.

٢کێشەی هەرسکردن بۆ دروست دەکات

نەخواردنی سەوزە و میوە دەبێتە هۆی قەبزبوون و دروستبوونی کیس لە ریخۆڵەکاندا، بە پێی وتەی لاورا مۆریی سەوزە و میوەکان ماددەی سیلۆلوزیان تێدایە کە یارمەتی کەمبوونەوەی ئازار و تێپەربوونی خۆراک لە ریخۆڵەکاندا دەدەن.

٣ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات

بە پێی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی ئەمریکی (AICR)، هیچ جۆرە خواردنێك ناتوانێت وەك خواردنی میوە و سەوزە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە کەمبکاتەوە، چونکە لە سەوزە و میوەدا ڤیتامین ئی، ڤیتامین سی و ماددەی دژە ژەهراویبوون هەیە کە خانەکانی لەش لە ئەگەرەکانی توشبوون بە شێرپەنجە دەپارێزن.

٤دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

خواردنی ئەو خۆراکانەی کە سۆدیۆمی تیدایە و نەخواردنی میوە پێکەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بە پێی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی ئەمریکی (AICR)، خواردنی سەوزە و میوە هۆکارێکی گرنگە بۆ رێکخستنی پەستانی خوێن و رێگرتن لە بەرزبوونەوەی.

٥بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

بەپێی توێژینەوەکانی بەشی تەندروستی لە زانکۆی هارڤارد رێژەی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ بۆ ئەو کەسانەی کە سەوزە و میوە دەخۆن زۆر کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە سەوزەو میوە ناخۆن، چونکە سەوزە و میوە کۆلیسترۆڵیان تێدا نییە، ئەمەش ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.