سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی داوای لە بەغدا کردووە موچەی سێ مانگی فەرمانبەران بنێرێت

فۆتۆ: 
2018-12-06

46601 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە موچەی هەر سێ مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت تاوەکو بەسەریەکەوە دابەشیبکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا بۆ هەر مانگێک ٣١٧ ملیار دینار دەنێرێت، بەڵام موچەی سێ مانگی نەناردووە کە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم و کانونی یەکەمن.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا بەغدا وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە و ئەگەر موچەی سێ مانگەکە بەسەریەکەوە بنێرێت، ئەوا وەزارەتی دارایی بەسەریەکەوە موچەی سێ مانگ دەداتە فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەوەی کە تا ئێستا بڕیار لەسەر پاشەکەوتکردنی موچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە، ئەوەیە کە بەغدا وەڵامی داواکارییەکەی نەداونەتەوە.

ئەمڕۆ ٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨یە، بەڵام بڕیارە لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول واتە مانگی ٩ دەستپێبکات، هاوکات ١٥ بۆ ٢٠ی هەموو مانگێک بەغداش ٣١٧ ملیار دەنێرێت بۆ تەواوکردنی موچەی فەرمانبەران.