سەردێڕ:

فەڕەنسا.. حکومەت سەپاندنى باجەکانى هەڵپەسارد و خۆپیشاندەرانیش ناڕازین

خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان لە فەڕەنسا بەردەوامە
فۆتۆ: میدیاکانی فەڕەنسا
2018-12-05

1317 جار خوێندراوەتەوە

وێڕای سازشکردنەکانی سەرۆکی فەڕەنسا و حکومەتەکەی بە هەڵپەساردنی باجەکان بە شێوەیەکی کاتیی بەهۆی ئەو فشارانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، هێلەک زەردەکان هێشتا ناڕازین و هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی نوێی بەرفراوان دەکەن.

دوابەدوای بڕیارێکی ئیدوارد فیلیپ سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا بە هەڵپەساردنی باجی سەر سوتەمەنی بۆ ماوەی لانیکەم شەش مانگ، بنیامین کوشی وتەبێژی بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان دەڵێت، فەڕەنسییەکان تیکە نانێکیان ناوێت، بەڵکو نانی تەواویان دەوێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت پێیوایە ئەوان گەمژەن، چونکە حکومەت لەبری هەڵوەشاندنەوەی باجەکان، تەنیا هەڵیدەسپێرێت تا ناڕەزایەتییەکان هێوربکەنەوە، وتیشی لە ئێستادا سەرکردەکانی بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان هەوڵ بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو دەدەن تا بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی حکومەت ببنەوە.

لەلایەکی ترەوە، ماوەی دوو ڕۆژە خوێندکاران و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن خۆپیشاندانی تایبەت بە خۆیان ڕێکخستووە و ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە.

جگە لە شاری پاریس، لە شارەکانی لیۆن و مارسیلیا و بۆردۆ و ئۆرلیان، خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووبوونەتەوە و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانیش هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی تری بەرفراوان لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا دەکەن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٣٠ کەس برینداربوون و بە سەدان کەس دەستگیرکراون، حکومەتیش بەڵینی داوە ئەوانەی زیانیان بە موڵکی گشتی و شوێنە گەشتیارییەکان و موڵکی تایبەتی هاوڵاتییان گەیاندووە ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.

لەژێر کاریگەریی ئەو فشارانەشدا وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا بەدووری نەزانی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سەپاندنی باجەکان بەسەر کارەبا و سوتەمەنییەکاندا بگۆڕێت، ئەگەر هەنگاوەکانیان بێ سوود بن، لەسەر ئاستی ئەوروپا بەرزترین ئاستی باجن.

ئەوە لەکاتێکدایە زۆرێک لە گەلی فەڕەنسا، بەتایبەت چینی هەژار و مامناوەندەکان، پێیانوایە ئەو سیاسەتانەی کە ئیمانوێڵ ماکرۆن دەیەوێت بە زۆر جێبەجێی بکات، لە بەرژەوەندی چینی دەوڵەمەندەکاندایە، کە ئەوەش ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لێ کەوتووەتەوە و وایکردووە خۆپیشاندەران لە هەندێک دروشمیاندا داوای دەستلەکارکێشانەوە لە ماکرۆن بکەن.

چاودێرانی دۆخی فەڕەنسا پێیانوایە، پێدەچێت لە کۆتاییدا ماکرۆن شکست بهێنێت لە متمانەپێکردنی گەلەکەی بە ڕێوشوێنە ئابورییەکانی کە بە وتەی خۆی گرنگن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش ‌وهەوا و پاراستنی ژینگە، کە ئەوەش پێگەی سیاسی بەرانبەر بە چەپڕەوەکان، بەتایبەت پارتی بەرەی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی مارین لۆپان، لاواز دەکات.

ش.ق