سەردێڕ:

لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق باس لە گۆڕینی کاندیدی چەند وەزارەتێک کراوە

کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2018-12-05

15170 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە بەغداوە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی ئەم ئێوارەیەی بەغدا گفتوگۆ لەسەر دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان بۆ یەکشەممەی داهاتوو و گۆڕینی چەند کاندیدێکی وەزارەتەکانی کە ماوە، کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هادی عامری سەرۆکی حەشدی شەعبی کراوە بۆئەوەی فالح فەیاز بگۆڕێت بە ئەحمەد ئەسەدی کە پێشتر وتەبێژی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە.

داواش لە فەیاز کراوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی خۆی دەستپێشخەرییەک بکات و بکشێتەوە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

ئەو سەرچاوە بەرپرسە جەختیکردەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان سورە لەسەر گۆڕینی دادوەر دارا نورەدین کاندیدی وەزارەتی داد و پێدانی ئەو پۆستە بە خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، یەکێتی ئەم داوایەی لە ڕێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە گەیاندووەتە عادل عەبدولمەهدی و هەریەکە لە هاوپەیمانی فەتح و نەسر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستاش شاندێکی یەکێتی لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد.

دوێنێ ٤ کانونی یەکەمی ٢٠١٨ بەهۆی ناکۆکی و بایکۆتی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی لیست و قەوارە جیاجیاکان نەتوانرا ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمان تەواو بکرێت، کە بڕیار بوو  پەرلەمان متمانە بدات بەو ٨ وەزیرەی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی کە تا ئێستا پڕنەکراونەتەوە.

ع.م