سەردێڕ:

شەڕی دەستەویەخە لەناو پەرلەمانی عێراقدا روویدا

بەهۆی ناکۆکی لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان
شەڕی دەستەویەخە لەناو پەرلەمانی عێراقدا روویدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-04

90455 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتی عادل عەبدولمەهدى شەڕی دەستەویەخە روویدا.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەنێو بینای پەرلەمانی عێراق شەری دەستەویەخە لە نێوان پەرلەمانتارانی سائیرون و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان روویداوە بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی.

روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەواوبونی رێژەی یاساییان راگەیاند، پەرلەمانتارانی سائیرون چونەتە ژوورەوە و بۆیان دەرکەوتووە رێژەی یاسایی تەواو نیە، بەوهۆیەوە پەلاماری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان داوە و پشێوی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا دروستبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی و سائیرون بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ لەناو لیستی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکاندا نەبووە، پەرلەمانتارانی ئەو دوو حزبە بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان کردووە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و بە ئامادەبوونی ١٦٨ پەرلەمانتار دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى  و متمانەدان  بە هەشت کاندید بۆ وەزارەتە بەتاڵەکان دەستیپێکرد، بەڵام فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی  و یەکگرتوو و گۆڕان و ھاوپەیمانی ئیسڵاح و رەوتی حیکمە و نەسر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

ش.ق