سەردێڕ:

١١ ساڵ بەسەر بێسەروشوێنبوونی رۆژنامەنووس محەمەد حەسەن ئەشکەنەییدا تێپەڕی

فۆتۆ: 
2018-12-03

6775 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ١١ ساڵ لەمەوبەر لە هەولێر ژمارە تەلەفۆنەکەی داخرا و بێسەروشوێن بوو، کەسوکارەکەشی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیدان؛ ئەمە چیرۆکی ونبوونی ڕۆژنامەنووس محەمەد حەسەن ئەشکەنەییە.

لەدوای بێسەروشوێنبوونی، کەسوکارەکەی محەمەد لە دادگا سکاڵایان تۆمارکردووە و ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە سکاڵاکەیان نوێکردووەتەوە. برایەکیشی دەڵێت، ساڵانە لە یادی ونبوونی براکەیاندا دێنە بەردەم پەرلەمان و کەیسەکە دەدەنە پەرلەمانتاران، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئدریس حەسەن برای ڕۆژنامەنووسە بێسەروشوێنەکە دەڵێت، داواکارن مافى پارێزبەندى لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ چوونە بەردەم دادگا هەڵبگیرێت.

لەسەر دۆسیەی دیارنەمانی ئەو ڕۆژنامەنووسە، پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ تۆمەتباردەکرێت بەوەی ئاگاداری دۆسیەکەبێت، ئێن ئاڕ تیش لەسەر ئەو بابەتە، چەندجارێک پەیوەندی کرد بەو پەرلەمانتارەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

ڕۆژنامەنووس محەمەد حەسەن ئەشکەنەیی، پێش بێسەروشوێنبوونی، لەسەر چەند کارێکی ڕۆژنامەوانی لە شاری ڕانییە دەستگیرکراوە و ئەشکەنجەدراوە، پەرلەمانتارێكی کوردستانیش دەڵێت، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دەستپێکردنی دانیشتنەکان بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکەن.

زانا خالید ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى دەڵێت، دەبێت دادگا یەکلایی بکاتەوە کە کێ تاوانبارە لەو کەیسە و هاوکارى بنەماڵەکەش دەکەن لە یەکلاییکردنەوەى کەیسەکە.

محەمەد حەسەن ئەشکەنەیی پێشتر لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندندا کاریکردووە و چەند مانگێکیش پێش بێسەروشوێنبوونی، بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانەوە لە ڕانییەوە هاتبووە هەولێر.