سەردێڕ:

بە دانانی مەسرور بارزانى لە جێگەی نێچیرڤان بارزانى حوکومڕانیی لە بنەماڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ خێزان

فۆتۆ: 
2018-12-03

11766 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژى یەکشەممە پارتى کارى هۆڵەندیی کچە کوردێکى خەڵکى سلێمانیی کاندید کرد بۆ ئەندامێتى پەرلەمانى ئەوروپا، ئەو کاندیدە کوردەش تەمەن ٢٢ ساڵانە و ناوى شەم ئەحمەدە و بە کۆچبەریی چووەتە ئەمستردام و لە بنەڕەتدا جیاوازە لە هۆڵەندییەکان و لە گەلانى ئەوروپا کە بڕیارە نوێنەرایەتییان بکات، بەڵام لە نیشتمانى یەکەمى ئەودا و ڕۆژێک پاش ئەم هەنگاوە گەورەترین پارتى سیاسیی کە هەڵگرى پاشگری "دیموکراسی" یە، بڕیاریدا حوکمڕانى لە بنەماڵەییەوە بەرەو خێزانى بوون ببات و دوو ئامۆزاى یەکترى کاندیدکرد بۆ باڵاترین دەسەڵاتەکانى جێبەجێکردن لە هەرێمدا.

ئەم هەنگاوەى پارتى کە پاش دوو مانگ زیاتر لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هات، بەلاى هەندێک ناوەندەوە سەرەتایەکە بۆ کردنەوەى چەقبەستنى سیاسى و کاراکردنەوەى ژیانى پەرلەمانی، بەڵام بەلاى هەندێکی ترەوە بازدانێکى گەورەیە بە ئاراستەى بەمیراتکردنى حوکمڕانى و هێشتنەوەى لە دەستى بنەماڵەى بارزانیدا تا کاتێکى نادیار، چونکە لە پەنا کارى سیاسیی مەسعود بارزانیدا کوڕ و ئامۆزاکەى بۆ چوار ساڵى داهاتوو دەبنە واجیهەى سیاسی و یاسایی هەرێمى کوردستان.

له ‌سه‌د ساڵى‌ ڕابردوودا و لەڕووى کۆمەڵایەتى و ئاینییەوە، بارزانییه‌كان، بۆ جیاكردنه‌وه‌ی‌ خۆیان له ‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان، ده‌سته‌واژەی‌ "میلله‌ت" یان بۆ خۆیان به‌كارهێناوە و تەنانەت كچیشیان نه‌داوه‌ به ‌غه‌یری‌ خۆیان، لە ماوەى ١٠ ساڵى ڕابردووشدا هەوڵیانداوە ئەم مۆرکى خۆ بەجیاواز زانینە بگوازنەوە بۆ کایەى سیاسی و جگە لە خۆیان ڕێگە بە کەسی تر نادەن بیر لە سەرۆکایەتى پارتى یان حکومەت و هەرێمى کوردستان بکاتەوە، لەکاتێکدا سیستمى سیاسى لە وڵات کۆمارى و پەرلەمانى و دیموکراسییە و لەگەڵ میراتگرییدا نایەتەوە.

لەسەر ئاستى ناوخۆیی پارتییش، میدیاکار و کەسانى نزیکى نێچیرڤان لە هەوڵى ئەوەدان، ناردنى ناوبراو بۆ سەرۆکایەتى هەرێم بە گەورەکردنى ڕۆڵى ئەو وێنا بکەن، بەوپێیەى لەڕووى تەشریفاتییەوە سەرۆکایەتى هەرێم گەورەتر دێتە پێش چاو، بەڵام زۆرێک لە شارەزایانى کایەى حوکمڕانى و سیستمە سیاسییەکان، پێیانوایە دەسەڵاتى کردەیی و ڕاستەقینە لاى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانە و لە پاش دەستبەکاربوونى مەسرور بارزانی، ئەگەرى زاڵ ئەوەیە حوکمڕانى لەناو بنەماڵەى بارزانییەوە بگوازرێتەوە بۆ بازنەى بەرتەسکى خێزانى خودى مەسعود بارزانى خۆى، چونکە لەگەڵ بەهێزکردنى پێگەى کوڕە گەورەکەیدا، دەسەڵات و پلەوپایەى سەربازى زۆریشى داوە بە کوڕەکەی ترى، مەسنور.

ئەمەش تاڕادەیەکى زۆر چیرۆکى گواستنەوەى سەرۆکایەتى پارتى لە ئیدریسەوە بۆ مەسعود بارزانى دێنێتەوە یاد. بەپێی زانیارییە مێژووییە بەردەستەکان؛ مەسعود بارزانی و ئیدریسی باوکی نێچیرڤان، لە زۆر شتدا ھاوبەش بوون، ھەردووکیان لە یەک ساڵدا هاوسەرگیرییان کردووە، پێکەوە بوونەتە پێشمەرگە و یاریدەدەری مەلا مستەفای باوکیان، هاوژینى دووەمى ئیدریس، خوشکى هاوژینى مەسعود بارزانییە.

بەڵام سەربارى ئەم خاڵە هاوبەشانە ئەم دوو سەرکردەیە بەشێکی زۆری ژیانی سیاسییان بە ڕکابەریی یەکتر بەسەربردووە، بە جۆرێک تا ئەوکاتەی ئیدریس لە ژیاندا مابوو مەسعود بارزانی نەبووە کەسی یەکەم و بێ شەریک لە ڕێبەرایەتى سەرۆکایەتیکردنی پارتی.

لە ئێستاشدا بۆچوونێکى زاڵ هەیە و پێیوایە تا نێچیرڤان لە سەرۆکایەتى حکومەتدا بێت، دەرفەت بۆ بەبازاڕکردنى سیاسییانەى مەسرور ناڕەخسێت و مەسعود بارزانی دەیەوێت تا ئەوکاتەى خۆى لە ژیانى سیاسییدا چالاکە و خاوەن تەندروستییەکى باشە پایەکانى حوکمڕانیی کوڕەکەى بچەسپێنێت و بەمەش لەبرى کوڕانى مەلا مستەفا قۆناغى کوڕەکانى مەسعود دەستپێدەکات.