سەردێڕ:

شاندى دانوستانکارى پارتى پرسی پێکهێنانى حکومەت و کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێم دەکەنە یەک پاکێج

فۆتۆ: 
2018-12-03

7384 جار خوێندراوەتەوە

دوای دوو مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی نەک هەر کاندیدى سەرۆکى حکومەت، بەڵکو كاندیدی سەرۆکى هەرێمیشی دیاریکرد و پرسی کاراکردنەوەى سەرۆکایەتییەکەشى خستە ناو گفتوگۆکانى پێکهێنانی کابینەکەى حکومەت.

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنی سەركرداییەتیدا، پارتی بڕیاریدا نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستى سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانییش بۆ پۆستى سەرۆکى حکومەت کاندید بکات.

هاوکات لیژنەیەكیشی پێکهێنا بۆ دەستپێكردنەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ حیزبەكان و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

وتەبێژی پارتییش ئاماژەى بەوە کرد، ڕوانگەی پارتی بۆ كابینەی نوێ وایە كە حكومەتێکی هاوبەشی ڕاستەقینە و بنکە فراوان پێكبهێنرێت.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دەڵێت، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا لەگەڵ لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن و لیژنەیەکیشیان بۆ ئەو بابەتە پێکهێناوە.

یەكێتی كە خۆی دەڵێت لە کابینەی نوێدا تەنها بە شەراکەتى ڕاستەقینەکە ڕازی دەبێت، ڕایگەیاند، ڕێز لە بڕیارەکانى پارتی دەگرن و لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسیدا كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حکومەت دیاریدەكەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ڕایگەیاند، لە كابینەی نوێدا دەبێت سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت و پۆستی سەرۆکى پەرلەمانیش بە مافی خۆی دەزانێت.

دەشڵێت، لە ڕۆژانى داهاتوودا کاندیدەکانى خۆیان و وردەکارییەکانى کابینەکە دەستنیشان دەکەن.

لە ئێستادا جگە لە نەوەی نوێ و یەکگرتوو و حزبی شیوعی کە بە فەرمی ئۆپۆزسیۆنبونیان لە کابینە نوێکەدا ڕاگەیاندووە، پارتی سەردانى ئەو لایەنانە دەکات کە وەک خۆی دەڵێت خواستى بەشداریکردنیان لە کابینەکەدا دەرخستووە کە یەکێتى و بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیین و، شاندی دانوستانکاری پارتییش بە یەک پاکێج پرسی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەنە تەوەری گفتوگۆ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا.