سەردێڕ:

لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ سەدر هەڕەشەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەکات

سەدر داوا لە عەبدولمەهدی دەکات نەچێتە ژێر هیچ فشارێکەوە لە کاندیدکردنی وەزیرەکانی ناوخۆ و بەرگری
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-03

1308 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆک ڕەوتی سەدر سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری نامەیەکی ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و داوای لێکرد نەچێتە ژێر هیچ فشارێکەوە.

موقتەدا سەدر ئەمڕۆ دووشەممە (٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) نامەیەکی ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و داوای لێ کرد ملکەچی ئەو هەوڵانە نەبێت کە لە پشت پەردەوە دەدرێن بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت.

لە نامەکەیدا سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوایکردووە، ئەو سەرکردە "ئازایانە"ی کە خاکی وڵاتیان لە دەستی داعش ڕزگارکردووە، لەپێشترن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، کە تا ئێستا وەزیری بنەڕەتییان بۆ دانەمەزراوە بۆئەوەی کاروبارەکانی ڕایی بکەن.

لە بەشێکی تری نامەکەیدا موقتەد سەدر ئەوەی بە بیری عەبدولمەهدی هێناوەتەوە، کە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک دیاریکراوە بۆ دەرخستن و چەسپاندنی هەلی سەرکەوتن بۆت، بۆیە ئەگەر حکومەتەکەت حزبایەتی و تایەفەگەری تێدا ڕەچاوکرابێت، ئەوا سەرکەتوو نابیت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەر کەموکوڕییەک لە ئێوەوە بێت، بەرپرسیار دەبیت لەبەردەم خوا و گەل و مەرجەعیەتیش، ئەوکاتەش دەبینە نەیار و ئۆپۆزسیۆن بۆ حکومەتەکەت و بە شێوازی خۆمان بەرگری دەکەین."

ئەوەش لەکاتێکدایە، کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تا ئێستاش تەواونەکراوە و هەشت وەزارەتی ماوە پڕبکرێتەوە، لە دیارترینیان کە ناکۆکی توندی لیست و هێزە سیاسییەکانی لەسەرە، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرییە.

ع.م