سەردێڕ:

لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون

لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-03

1458 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ٢٥ی تشرینی دووەمی رابردوو، ١٠٧ هەزار و ٢٦٩ کۆچبەر لەڕێگەى دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا و ژمارەى ئەو کۆچبەرانەشى لە دەریاکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٩ کەس.

بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەى کە لە ساڵی ٢٠١٨دا و لەڕێگەى دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوون بە ئەوروپا ، کەمترە لەو ڕێژەی ساڵانی ڕابردوو کە تۆماری کردووە، بەشێوەیەک کە ساڵی ٢٠١٧، ١٥٩ هەزار و ٩٩٦ کۆچبەر و لە ساڵی ٢٠١٦شدا، ٣٤٨ هەزار و ٩٥١ کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ئەمە پێنجەم ساڵە لەسەر یەک، ژمارەى گەیشتووان بۆ ئەوروپا لەڕێگەى دەریای ناوەڕاستەوە لە ١٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە.

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەریاکەدا خنکاون، گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٩ کەس.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەمساڵدا ٢٣ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا کە ئەوەش کەمترە لەو ئامارەى کە ساڵی ڕابردوو تۆمارکراوە کە ١١٦ هەزار و ٦١٦ کۆچبەر گەیشتبوونە ئیتاڵیا.

بەشێک لەو کۆچبەرانەى بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، یان لەکاتى گەیشتنیان بەو وڵاتانە لەناو دەریادا خنکاون، خەڵکى هەرێمى کوردستان و عێراقن، بەپێى ئامارى فیدراسیۆنی سەرتاسەرى پەنابەرانى عێراق، لە ١٩ساڵى ڕابردوودا ٩٩١ هەزار و ٥٥٥ کەس لە هەرێمى کوردستانەوە بە شێوەى نایاسایى کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، کە نزیکەى ٩٠% یان لە توێژى گەنجان بوون.

هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ساڵەکانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا ٢٥٤ هەزار و ٨٤٠ هاوڵاتى عێراقیی کە بەشێکیان کوردن داواى مافى پەنابەرییان لە ٤٣ وڵات کردووە.

ش.ق