سەردێڕ:

ماکرۆن شوێنی خۆپیشاندانەکانی پاریسی بەسەرکردەوە

فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-03

1680 جار خوێندراوەتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا، شوێنی خۆپیشاندانەکانی پاریسی بەسەرکردەوە کە تیایدا ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر پرسی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنیان ئیدانە کردبوو.

ماکرۆن گۆڕەپانی چارلس دێ گول-ی بەسەرکردەوە کە چەند ڕۆژێکە لە لایەن "ئێلەگ زەردەکان" خۆپیشاندان بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی تێدا ئەنجام درابوو

ماکرۆن شەقامەکانی دەوروپشتی ئەو گۆرەپانەیشی بەسەرکردەوە و زانیاری لەبارەی ئەو زیانانە وەرگرت کە بە ھۆی خۆپیشاندانەکان بەر ناوچەکە کەوتووە

سەرکۆماری فەڕەنسا، دواتریش بەمەبەستی بەشداربوون لە کۆبوونەوەی "قەیران" بەرەو کۆشکی ئیلیزێ بەڕێکەوت

پۆلیسی فەڕەنسا لەبارەی خۆپیشاندانی بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان-ەوە لێدوانی نوێی داوە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "٤١٢ کەس لەوانەی بە ھۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژییەکانی شەقامەکانی پایتەختەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ٣٧٨ کەسیان خراونەتە بەندینخانەوە". 

سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، ئیدوارد فیلیپ و وەزیری ناوخۆ، کریستۆف کاستانییە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەکانی وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئەو توندوتیژییانەی لە ئەنجامی ئەوە کەوتنەوە بەتایبەت لە پاریسی پایتەخت

پێشتریش ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بوینس ئایریس پایتەختی ئەرجەنتین و لە کۆتایی لووتکەی G-20 دا رایگەیاند، ئەوانەی بەرپرسن لە ئاژاوەگێڕییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و وتی: "خۆپیشاندەران ئاژاوەیان دەوێت و توندوتیژی قبووڵ ناکەین". 

ماکرۆن ھەروەھا بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی پاریسی بە"کۆمەڵێک گێرەشێوین کە ھیچ پەیوەندییەکان بە گوزارشتی ئاشتییانەوە نییە" ناوبرد