سەردێڕ:

لە میدیاکانی جیهانەوە: ئەردۆغان داوای لە پوتین کردووە سەبارەت بەدۆخی ئیدلب کۆببنەوە

ئەردۆغان داوای لە پوتین کردووە سەبارەت بەدۆخی ئیدلب کۆببنەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-12-02

747 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدا بڵاوکراوەتەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئێران موشەکی مەودا مامناوەندی تاقیکردووەتەوە و ئەمریکاش ئیدانەی ئەو کارە دەکات، پۆمپیۆ ئاشکرایکردووە، ئێران تاقیکردنەوە و ژمارەی موشەکەکانی زیادکردووە، داواشیکردوە وڵاتەکە چالاکییە ناوکییەکانی ڕابگرێت.

++++

لە ماڵپەڕی حوریەت دەیلی نیوزی تورکیدا باس لەوەدەکرێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە ڤلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا کردووە کە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی پارێزگای ئیدلیب لە سوریا ئەنجام بدەن، ئەردۆغان بە پوتینی ڕاگەیاندووە، هەنگاوی جیاواز هەیە کە دەتوانن سەبارەت بە پارێزگای ئیدلیب بینێن، کە تێیدا ناوچەی داماڵڕاو لە چەک دروستکراوە.

++

خۆپیشاندان لە فەڕەنسا دژ بە بەرزی نرخی سوتەمەنی و شتومەک بۆ سێهەم هەفتە بەردەوامی هەیە، ماڵپەڕی فرانس ٢٤یش ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسای بڵاوکردووەتەوە کە ڕایگەیاندووە، دوێنێ ٧٥٠ هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردووە، و لە هەندێک ناوچەش گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسدا دروستبووە و بەهۆیەوە ٢٧٠ کەس دەستگیرکراون.

++++

لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کەیسی دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٦ی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە و ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکیش بڵاویدەکاتەوە، مایکڵ کۆهێن پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا ناوە لەکاتی هەڵبژاردنەکەدا پەیوەندی لەگەڵ کۆشکی کریملین هەبووە، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو لەوکاتەدا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیادا نەبووە. پارێزەرەکەی کۆهێنیش وتوویەتی، ئەوکاتەی کە ناوبراو ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لەبەردەم کۆنگرێسدا ڕاگەیەندراوێکی نادروست بخوێنێتەوە، لە پەیوەندی بەردەوامدابووە لەگەڵ کۆشکی سپی.

ش.ق