سەردێڕ:

گەنجێکى بێ لانە لە سلێمانى بە بێدەنگى ئازارەکانى لە خەڵک دەگەیەنێت

گەنجە بێ لانەکە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-12-01

30696 جار خوێندراوەتەوە

باران و سەرمای پاییز تەنگی بە گەنجێک هەڵچنیوە و پێخەف و سەرین و جلەکانی خوساندووە

ماوەى هەفتەیەکە وێستگەى پاسەکانی چوارچرا لە سلێمانى بووەتە ماڵی ئەو گەنجە و شەو و ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە، نە کەس ناوی دەزانێت و نە کەسیش هەواڵی دەپرسێت، ئێن ئاڕ تی هەوڵی زۆری دا کە بدوێت و قسەبکات، بەڵام بێدەنگی و تێڕامانی لە کامێراکە هەموو وەڵامێکی ئەو بوو.

ئەو گەنجە نموونەی دەیان کەسی دیکەیە کە بێلانەن و بەشێکیان بەهۆی بێکەسی و بەشێکی دیکەیان بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ دەکەنەوە.

شایەتحاڵێک دەڵێت، هەست بە هەندێک شت ناکات، کەسێک هیتەرێکى بۆ دانا کە نزیکبوو لێیەوە، بەڵام هەستى ئەوەى نەبوو هیتەرەکە لە خۆى دووربخاتەوە.

بنکەی پۆلیسی گەڕەکی چوارچرا ئاگاداری بارودۆخی ئەو گەنجەیە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەلا نییە لەبارەى کەسوکارەکەى و هۆکارى کەوتنە ئەم دۆخەیەوە.

سابیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نوسینگەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی سلێمانی دەڵێت، مانەوەی ئەو گەنجە لەو بارودۆخەدا پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە و ئەرکی وەزارەتی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتییە داڵدەی بدات.

تا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکى حکومى وەکو پۆلیس و چاودێرى کۆمەڵایەتى و هیچ کەسێکى دیکە ئەرکى بەخێوکردن و دابینکردنى شوێنێکیان بۆ ئەم گەنجە لە ئەستۆ نەگرتووە و، ئەم گەنجەش هەر بە بێدەنگى دەیەوێت ئازار و نەهامەتییەکانى لە خەڵک تێبگەیەنێت.