سەردێڕ:

ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە بۆ "ڕاوچی پیاز"

ئەردۆغان: هەرکەسێک لە پشتی قەیرانی پیازەوە بێت دادگایی دەکرێت.
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-29

12290 جار خوێندراوەتەوە

 ماوەی چەند مانگێکە گرانیی نرخی پیاز تەنگی بە هاوڵاتییانی تورکیا هەڵچنیوە و ڕۆژ بە ڕۆژ نرخەکەی لە بازاڕەکاندا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای لێ کەتووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەرکەسێک لە پشتی قەیرانی پیازەوە بێت دادگایی دەکرێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا هۆکاری گرانیی پیازی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەمبارکردنی لەلایەن بازرگانەکانەوە و ڕایگەیاندووە، هەر کەسێک پیاز و بەرهەمەکانی تری وەکو پەتاتە و سەوزە لە کۆگاکاندا هەڵبگرێت دادگایی دەکرێت و هیچ بڕیارێکی لێخۆشبوون نایگرێتەوە.

ئەم بڕیارەی ئەردۆغان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێگای باس و مشتومڕی هاوڵاتییان و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی وڵاتەکەی. بەشێکیان بە تەنزەوە ئاماژە بەوە دەکەن، قەیرانی پیاز وای لە ئەردۆغان کردووە خەریکە لە پۆستی سەرۆک کۆمارییەوە دەبێتە "ڕاوچیی پیاز."

کەمال کلیچدارئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی جەهەپە کە بە نەیاری ئەردۆغان ناسراوە، دەڵێت "فرمێسکی پیازی مەڕێژن."

مەراڵ ئەکشنەر سەرۆکی ئیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەردۆغان پیازی وەکو پرسێکی تیرۆریستی تەماشاکردووە،" و یەکێک لە چالاکانی تۆڕە کومەڵاتییەکانیش دەڵێت، "دەبێت پیازەکانی ماڵەکەم فڕێبدەمە دەرەوە نەوەکو هێرشبکرێتە سەرم."

هەر لەو چوارچێوەیەدا پۆلیس تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەیان دژی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە پیاز لە کۆگاکاندا هەڵدەگرن. بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٥٠ هەزار تەن پیازیان لە ناوچەی پۆڵاتی لە ئەنقەرە ئاشکراکردووە و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی دادگا دەکەنەوە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو نرخی پیاز چوار هێندە زیادیکردووە، شارەزایانی کشتوکاڵیی تورکیاش هۆکاری گرانی نرخی پیاز دەگێڕنەوە بۆ هەڵگرتن و ئەمبارکردنی.

هــ.حــ