سەردێڕ:

نمایشکردنی فلمێکی کوردی لەسلێمانی قەدەغەکرا

نمایشکردنی فلمێکی کوردی لەسلێمانی قەدەغەکرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-28

6690 جار خوێندراوەتەوە

بڕیاربوو لەسەرەتای مانگی داهاتوو لە سینەما سالم فلمی کوردیی ١٤ی تەمووز لە سلێمانی نمایشبکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئیدارەی سینەما سالم ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت فلمەکە نمایشبکرێت.

لەروونکردنەوەیەکی ئیدارەی سینەما سالمدا کە کۆپییەکی بۆ ئێن ئاڕ تی هاتووە، ئاماژە بەوەکراوە، فلمەکە لەلایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە قەدەغەکراوە.

لەبارەی چۆنیەتی بڕیاری قەدەغەکردنەکەوە ئیدارەی سینەما سالم رایگەیاند "لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پەیوەندیمان پێوە کرا و پێیان ڕاگەیاندین کە بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەین ئەم فلمە نمایشبکرێت. گەرچی ئێمە داوای نوسراوی فەرمیمان کرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو و تەنها جەختیان لەوە دەکردەوە كه‌ خۆمان تووشی سەرئێشە نەکەین، چونکە ئەوان بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن ئەم فیلمە نمایش بکرێت".

ئیدارەی سینەما سالم، ئاسایشی سلێمانی بە بەرپرسیار دەزانێت داوای ڕوونکردنەوەیان لێدەکات،  جگەلەوەش داوای روونکردنەوە لە پارێزگاری سلێمانی دەکەن. لەگەڵ ئەوانەشدا داواکەیان ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی دەکەن کە هەڵوێستیان هەبێت.

فلمی کوردیی ١٤ی تەمووز، لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمێر، لە لایەن کامێرامانی بە ناوبانگی کورد تورەج ئەسلانییەوە وێنە گیراوە. ناوەڕۆکی فلمەکە باس لە بەرخۆدانی چەند زیندانییەکی سیاسیی باکوری کوردستان دەکات کە له‌ ساڵانی هه‌شتادا و‌ لەژێر ئەشکەنجەی تورکیادا گیانلەدەستدەدەن. بڕیاربوو لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨  و رۆژانی دوایی لەسەر شاشەی سینەما سالم لە شاری سلێمانی نمایشبکرێت.

ش.ق

Image may contain: outdoor