سەردێڕ:

پرۆژەیەک ئامادەکراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش

فۆتۆ: 
2018-11-27

756 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق پرۆژەیەکی لەبەردەستدایە بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش و هەر خاوەن خانوویەک بڕی ٢٠ هەزار دۆلاری پێ دەدرێت.

مستەفا هیتی سەرۆکی سندوقی بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی داعش ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی داعش، بەتایبەتییش بەری ڕاستی موسڵ و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ڕۆژنامەی سەباحی عێراق لە زاری مستەفا هیتییەوە بڵاویکردەوە، بەگوێرەی سەرژمێرییەکانی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان، کە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە ئامادەکراوە، ئاماژە دەکات بەوەی زیاتر لە ١٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بەردەوامە لەو پرۆژەیەدا، کە خۆی دەبینێتەوە بە پێدانی قەرزی ئاسان بە عێراق بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، بە ڕێژەی سودێک کە ٥.١% تێپەڕناکات.

ئاشکراشیکرد، پرۆسەی پێدانەوەی قەرزەکان دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر تەواوبوونی پرۆژەکەدا دەستپێدەکات.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕی تێچوونی پرۆژەکە دەگاتە دوو ملیار دۆلار، بە شێوەیەک هەر خێزانێک خانووەکەی بە ڕێژەی ٤٠% بۆ ٥٠% زیانی پێگەیشتبێت بڕی ١٠ هەزار دۆلاری پێ دەدرێت، هەر خانوویەکیش بە تەواوی وێرانبووبێت بڕی ٢٠ هەزار دۆلاری پێ دەدرێت بە شێوەی قیست، لە ئێستاشدا سندوقەکەیان چاوەڕوانی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقە.

لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی داعش و داگیرکردنی چەند پارێزگایەکی عێراق و دواتر دەرکردنی ئەو ڕێکخراوە لەو شوێنانە، زیانێکی زۆر بە خانوو و ژێرخانی ئابوریی ئەو پارێزگایانەی عێراق گەیشتووە، بە شێوەیەک لە هەندێک ناوچە گەڕەکی گەورە لەگەڵ زەوی یەکسان بووە.

ع.م