سەردێڕ:

کەیسی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیماییان بە رژێمی پێشووی عێراق فرۆشتووە دواخرا

ئەیاد کاکەیی پارێزەری گروپی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-27

1028 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەڵەبجە، وریا حەمە کەریم

 بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەرانی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشداربوون لە فرۆشتنی چەکی کیمایی بە ڕژێمی پێشووی عێراق دانیشتنی دادگای هەڵەبجە دواخرا.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئەیاد کاکەیی پارێزەری کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەی گەڕاندنەوە بۆ دڵنیابوونی دادوەر لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان هیچ تانەیەک لەسەر بڕیارەکانی دادگا نەدەن.

 باسی لەوەشکرد، هەرچەندە پێشتر بە کۆمپانیاکان ڕاگەیەندراوە کە ئەمرۆ دادگایی دەکرێن لەسەر فرۆشتنی چەکی کیمایی بە رژێمی پێشووی عێراق بەڵام ئەمڕۆ ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

 ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتنەکە دواخراوە بۆ ٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ و هەموو کۆمپانیاکان دادگایی دەکرێن، هاوکات قوربانیان و کەسوکاری قوربانیان لە هەڵەبجە قەرەبوو دەکرێتەوە.

هەر لەو بارەیەوە لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕاگەیاند، کۆی گشتی ئەو سکاڵایانەی دژی ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تۆمارکراوە زیاتر لە هەشت هەزار سکاڵان، ئامانج لە سکاڵاکان دەستکەوتی مادی و مەعنەوییە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەڵگەی پێویسیتان دژی ئەو کۆمپانیایانە تۆمارکردووە کە ژمارەیان نۆ کۆمپانیانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ١٠ ساڵە سەرقاڵى ئەو دۆسیەیەن و بۆ ئەم مەبەستەش گرێبەستیان لەگەڵ گروپى دادوەرانى نێودەوڵەتى واژۆ کردووە بە پێی  گرێبەستەکە لە ٣٥% ئەو پارەیەى وەک قەرەبوو لەکۆمپانیاکان وەردەگیرێت بۆ گروپى دادوەرانى نێودەوڵەتى دەبێت و لە ٦٥%یشى بۆ قوربانیانى هەڵەبجە دەبێت.

رژێمى پیشووى عێراق لە ١٦ى ئازارى ساڵى ١٩٨٨دا شارى هەڵەبجەى بە چەکى قەدەغەکراوى کیمیایى بۆردومانکرد و بە هۆیەوە پێنج هەزار هاوڵاتى شەهید بوون و زیاتر لە ١٠ هەزاریش برینداربوون، ئەمە جگە لە زیانێکى گەورەى مادى کە بەر ژێرخانى شارەکە کەوت و تا ئیستاش کاریگەرى ئەو بۆردومانە لەسەر خەڵکى شارەکە ماوە.

هــ.حــ