سەردێڕ:

لە ٣٥ خاڵی پڕۆژە چاکسازییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە تەنیا پێنج خاڵ جێبەجێکراون

هێزەکانى پێشمەرگە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-26

2111 جار خوێندراوەتەوە

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی پڕۆژە چاکسازییە ٣٥ خاڵییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستا تەنیا پێنج خاڵی پرۆژەکە جێبەجێکراوە و وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆئەوەی ھەشت خاڵی دیکەی پرۆژەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکدا کە تایبەتبوو بە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕایگەیاند، بەردەوامی دەدەن بە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تا ئەوکاتەی پلانی چاکسازی لە وەزارەتەکە دەگاتە لوتکە.

ھەرچەندە لە شوباتی ساڵی ڕابردووەوە وەزارەتی پێشمەرگە چاکسازیی لە لیوا و یەکەکانی پێشمەرگە دەستپێکردووە و لە ئابی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەکی بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەی چاکسازی دروستکردووە، بەڵام تا ئێستا یەکەکانی ٧٠ی یەکێتی و ٨٠ی پارتی یەکیان نەگرتووەتەوە.

دلێر میرە بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، چاکسازییەکان بیروبۆچوونی شەخسی کەمدەکاتەوە و گۆڕانکارییش لە ھەیکەلیەتی پۆستەکانی وەزارەتدا دەکرێت.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٧وە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا دەستیانکردووە بە پرۆگرامی چاکسازی و ڕێکخستنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە خۆی لە ٣٥ خاڵدا دەبینێتەوە بە ناوی "پێشمەرگە لە ئایندەدا."

تا ئێستا پێنج خاڵی پرۆژەکە جێبەجێکراون کە تایبەتن بە پرۆژەی ستراتیژی بەرگریی سەربازی و کارنامەی ھێزی پێشمەرگە و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە و ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

 

‌بەپەلە