سەردێڕ:

دامەزراوەی میدیایی نالیا کەناڵی ئێن ئاڕ تی منداڵان دەکاتەوە

لە وەرزی نوێی گۆڕانکارییەکاندا
بەرهەم و بەرنامەکانى کەناڵەکە تایبەت دەبن بە منداڵان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-26

10856 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی میدیایی نالیا کەناڵی سێیەمی خۆی بەناوی ئێن ئاڕ تی منداڵان دەکاتەوە و لە سبەینێوە (٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)ەوە دەست بە پەخشی ئەزموونیی دەکات.

 ئاوات عەلی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کەناڵە نوێیەکەیان لە رۆژی سێشەممە (١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)ەوە دەست بە پەخشی ئاسایی دەکات و بەرنامە و بەرھەمەکانی تایبەت دەبن بە جیھانی منداڵان. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، پەخشی کەناڵی ئێن ئار تی ٣ لەسەر مانگی دەستکردی نایلسات دەبێت.

دامەزراوەی میدیایی نالیا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەروەختی نەبوونیی یان دەگمەنیی تۆڕێکی راگەیاندنی پیشەیی بەرپرسیار لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا. لە ساڵی ٢٠١٠دا بەدروشمی "راستگۆیی، ھاوسەنگی، بوێریی" دەستەیەک لە رۆژنامەنووسانی ناحزبیی سەربەخۆ لە کارنامە و ئایدۆلۆژیایەکی دیارییکراو؛ بەئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە میدیاییە دەرکەوتن و کەوتنە کارکردن. سەرچاوەی دارایی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن کۆمپانیای وەبەرھێنانی نالیاوە دابیندەکرێت بەمەبەستی گواستنەوەی زانیاریی و ھەواڵ و رووماڵکردنی رووداوە جۆربەجۆرەکان بەشێوەیەکی پیشەیی ستاندارد. بێجگە لە ئۆفیسە سەرەکییەکەی لە شاری سلێمانی؛ دامەزراوەی میدیایی نالیا لە سەرجەم شارەکانی ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئۆفیسی ھەیە.
س.س