سەردێڕ:

سیناتۆرێکى دیموکراتەکان: وردبینى لە مامەڵە داراییەکانى نێوان ترەمپ و بەرپرسانى سعودیە دەکەین

فۆتۆ: 
2018-11-25

563 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئاشکرابوونی ھەر زانیارییەکی نوێ لەبارەی کوژرانی جەمال خاشقچی و ئەگەری تێوەگلانی ڕاستەوخۆی شازادەی جێنشینی سعودیە لەو ڕووداوەدا، مشتومڕەکان لەبارەی مامەڵەی واشنتۆن لەگەڵ ڕیاز گەرمتر دەبێت.

ھەرچەندە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتان دەیانەوێت لەسەر ئەو ڕووداوە ئەمریکا سزای سعودیەی ھاوپەیمانی بدات، بەڵام لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەو بارەیەوە زیاتر بەدڵی دەسەڵاتدارانی ڕیازە کە خوازیارە ئەمریکا بەردەوامی بەپەیوەندییەکانی بدات لەگەڵیدا.

لە چوارچێوەی پرێس کۆنفراسێکدا کە لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر سعودیە نەبوایە نەیاندەتوانی ببنە خاوەنی بنکەیەکی سەربازیی زەبەلاح لە ناوچەکە، تەنانەت ئەگەر سەیری ئیسرائیل بکەن دەردەکەوێت کە بەبێ سعودیە دووچاری قەیرانی گەورە دەبووەوە.

دەشڵێت، ئەگەر ئەمریکا ژمارەیەک پێوەری دیاریکراوی پەیڕەو بکردایە ئەوا بە نزیکەیی ھیچ ھاوپەیمانێکی لە جیھان نەدەما.

ترەمپ باسی لەوەشکرد، بەھۆی ئەو گرێبەستانەی کەلەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕیازدا واژۆی کردووە سەدان ھەزار ھەلی کار بۆ ھاوڵاتیانی ئەمریکا دابین بووە، کە ناکرێت وازیان لێ بھێنرێت.
ئەو قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، بەوتەی ئادەم شێف سیناتۆری دیموکراتەکان لێکۆڵینەوەکانی سی ئای ئەی دەریانخستووە محەمەد سەلمان ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچیدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆنگرێسمانەکان لەو باوەڕەدان کە ترەمپ دەیەوێت لەڕێگەی دەزگا ھەواڵگرییەکانی وڵاتەکەیەوە ھەوڵی پاراستنی جێنشینی پاشای سعودیە بدات، دەیانەوێت بزانن کە چۆن ئەو کارە دەکات، بەڵێنیشی دا وردبینی لە مامەڵە داراییەکانی نێوان ترەمپ و بەرپرسە سعودییەکان بکات لەگەڵ کاریگەریی ئەو مامەڵە داراییانە لەسەر دۆسیەی کوژرانی خاشقچی.

ئەوە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، ھەڵسەنگاندنەکانی دەزگای ھەواڵگریی وڵاتەکەی CIA ڕەتکردووەتەوە بەوەی کوژرانی ڕۆژنامەنوسەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەمەد سەلمان ئەنجامدرابێت، بەڵام جاک ڕید ئەندامی لیژنەی سەربازیی کۆنگرێسی ئەمریکا ترەمپی بە درۆزن ناوبردووە.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە وتارێکدا رەخنەی توندی گرتووە لە ھەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکا و نوسیوێتی، کاتێک وڵاتانی وەک سعودیە و کۆریای باکورو چین و روسیا سەیری واشنتۆن دەکەن پێکەنینیان بە ترەمپ دێت.

لە وتارەکەی واشنتۆن پۆستدا ئاماژە بەوەدراوە، سەرەڕای ئەوەی سی ئای ئەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە محەمەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە فەرمانی کوشتنی خاشچقی دەرکردووە،  بەڵام ترەمپ نکۆڵی لێدەکات و دەڵێت  پشتیوانی لە سعودیە دەکەن.

ئ,ر