سەردێڕ:

نەوەی نوێ بۆ خوێندکارە ناڕازییەکان: لەگەڵتان دەبین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان

خوێندکارانى ناڕازى
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-24

1866 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت کێشەی نەبوونی خزمەتگوزاریی لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی قوڵتر دەبێتەوە و ناڕەزایی خوێندکارانیش لەوبارەیەوە لە زیادبووندایە، بەڵام وەک خوێندکارەکان دەڵێن، کێشەکان چارەسەرنەکراون و زیاتر کەڵەکە بوون.

خوێندکاران درەنگانێکی شەوی ھەینی لە بەشە ناوخۆییەکانیان ھاتنە دەرەوە و دەستیاندایە خۆپیشاندان و دەڵێن، ھیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و لە بەشە ناوخۆییەکاندا نە ئامێری خۆ گەمکردنەوە ھەیە، نە ئاوی گەرم، بۆیە ناتوانن لە ڕەوشێکی لەو شێوەدا ژیان ببەنەسەر.

خوێندکارێکی ناڕازی دەڵێت، ھیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و ئاو و ھەوای گەرمیان نییە و ھەموو شەوێک بەدەست گورچیلەیەوە دەناڵێنێت.

جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاریی لەناو بەشە ناوخۆییەکانیان، خوێندکاران باس لە کێشەیەکی دیکە دەکەن و دەڵێن ژمارەیەکی زۆری سەگی بەرەڵا لە نزیک بەشەناوخۆییەکانیان ھەیە و پەلاماری دوو کچە خوێندکاریان داوە و برینداریان کردوون، بەڵام بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکان لەجیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ھەڕەشەی ئەوەی لێ کردوون کە سەگی زیاتر دەبات بۆ بەشە ناوخۆییەکان.

خوێندکارێکی دیکەی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکات، خزمەتگوزاری و پاککەرەوە و ئاوی گەرمیان نییە، سەرەڕای ئەوەش سەرپەرشتیاری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ھاتووە و دەیەوێت لە کچەکان بدات.

خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان تا ئێستا چەندین جار داواکارییەکانیان گەیاندووەتە بەرپرسانی زانکۆ و بەشەناوخۆییەکان بۆئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام ھێشتا کێشەکانیان بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.

دیاری ئەنوەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەدواداچوون بۆ گرفتی ئەو خوێندکارانە دەکەن بۆئەوەی بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەربکرێت.

ھەرچەندە پێشتر بەرپرسانی زانکۆی سلێمانی دانیاننا بە کێشەی بەشە ناوخۆییەکاندا و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیاندا، بەڵام نەژاد حسێن بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی  کەمپی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خوێندکارانە ھیچ گرفتێکیان نییە و ھەموو پێداویستییەکیان بۆ دابینکراوە و ئەوەی ڕوودەدات دەستی لەپشتەوەیە.

ئەمە یەکەمجار نییە خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، لە دوو ھەفتەی ڕابردووشدا خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکانی کوڕان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا کێشەکانیان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.

ئ.ر