سەردێڕ:

پزیشکێکی کورد لە سوید باشترین خەڵاتی ڤێتێرنەری پێبەخشرا

گەورەترین ساختەکاری ئاشکراکردووە
شوان کەریم لە سوید باشترین خەڵاتی ڤێرتێنەری پێبەخشرا.
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-24

4188 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سوید، هەڵمەت حسێن

لە سوید ساڵانە باشترین خەڵاتی  پزیشکیی ڤێتێرنەری دابەشدەکرێت و ئەمساڵیش خەڵاتەکە بە کوردێک بەخشرا.

شوان کەریم دەرچووی کۆلێجی پزیشکی ڤێتێرنەرییە لە زانکۆی سلێمانی و وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، ئەوان یەکەم گروپی خوێندکار بوون لەو کۆلێجە کە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە خوێندوویانە.

شوان دەڵێت "لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە سوید دەژیم و وەکو پزیشکی ڤێرتێنەری کاردەکەم".

شوان لە بواری ئاسایشی خۆراکدا لە سوید کاردەکات و توانی گەورەترین ساختەکاری لەسەر سەرچاوەی بەرهەمێهانی گۆشت ئاشکرابکات، بە جۆرێک کە دوو کۆمپانیای سویدی گۆشتی هەندێک وڵاتانی ئەوروپایان لە هۆڵنداوە دەهێنایە سوید و بە گۆشتی بەرهەمهێنراو لە سوید دەیانفرۆشت، بەڵام پزیشکەکە ئەو ساختەکارییەی ئاشکراکرد.

بەپێی یاساکانی سوید دەبێت گۆشتفرۆش سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گۆشتەکە ئاشکرابکات، بەڵام یاساکە هیچ سزایەکی بۆ سەرپێچیکار دیارینەکردووە.

دوای ئەم ئاشکراکردنە پەرلەمانی سوید یاسای سزای زیندانی تا دوو ساڵ بۆ سەرپێچیکار پەسەندکرد.