سەردێڕ:

مامۆستایەک لە ھەڵەبجە بەپێی ناوەڕۆکی وانەکەی جلوبەرگی دەگۆڕێت

لە هەڵەبجە مامۆستایەک بە کردار وانە بە خوێندکارەکانى دەڵێتەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-24

5399 جار خوێندراوەتەوە

لە قوتابخانەیەکی  بنەڕەتی لە ھەڵەبجە مامۆستایەکی جیاواز ھەیە، بۆ وتنەوەی وانەکانی ھەندێک شتی پێویستە،  ئومێدی تەمەن ٣٩ ساڵ مامۆستای وانەی کوردییە و دەیەوێت وانەکانی بەشێوەیەکی جیاواز بڵێتەوە بە خوێندکارەکانی، شێوازی وتنەوەی زۆرێک لە وانەکانی بەشێوەی کردارییە و ھاوشێوەی ناوەڕۆکی وانەی کوردی جل و بەرگ لەبەردەکات و چالاکی ئەنجام دەدات.

خوێندکارەکان بە تامەزرۆییەوە وانەکان دەخوێننەوە، چونکە بە ھەمان شێوەی نوسینی نێو کتێبەکەیان مامۆستاکەیان لە پێش چاوە و مامۆستاش ھەمان ڕێنمایی وانەکەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئیدارەی قوتابخانەکە ئارەزووی داھێنان دەکەن لەلایەن مامۆستا و قوتابیەکانیانەوە.

مامۆستا ئومێد ماوەی دوو ساڵە بەم جۆرە وانە دەڵێتەوە، ئەم کارەی ئومێدی زۆری بەخشیووە بە مامۆستا و قوتابیەکانی ئەم قوتابخانەیە، تەنانەت پلانی تریشی ھەیە تا ئاستی خوێندەواری لەم قوتابخانە و شارەکەی بەرەو پێشوە ببات.

ئێستا ٨٦ مامۆستا لەم قوتابخانەیە وانە بە ٥٦٧ قوتابی دەڵێنەوە، بەڵام ئیدارە و مامۆستاکان چاوەڕێی ھاوکاری سەرمایەدارێک یان حکومەت دەکەن تا پڕۆژەکەی مامۆستا ئومێد گەورە تر بکەن و ھەموو وانەکان بەشێوەی کرداری بە قوتابیەکان بڵێنەوە.

س.س