سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە بەهاناوەچوونی ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی لافاو بوونەتەوە

عەبدولمەهدی هێزەکانی سوپاشی ڕاسپاردووە بە هانای هاووڵاتیانەوە بچن
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-11-23

4440 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو شەپۆلی بارانبارین و لافاوە دەرکرد کە لە ئێستادا چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراقی گرتووەتەوە و دۆخەکەی بە "وێرانکەر" ناوبردووە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، خودی خۆی چاودێریی ڕەوشی بارانبارین و ئەو لافاوە دەکات کە ناوچەی شەرگات و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند هاووڵاتییەک و هەرەسهێنانی پرد و ژێرئاوکەوتنی دەیان خانوو.

بەگوێرەی بەیاننامەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە پێکهێنانی شانەیەکی قەیران لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین و سەرجەم پێکهاتە مەدەنییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش هەلیکۆپتەر بەکاردەهێنرێت بۆ بەهانەوەچوونی ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە بەهۆی لافاوەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپاردووە بۆ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکان و بەهێزکردنی بەربەستی ئەو ناوچانەی کە مەترسیی زیاتری لافا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی باراناویان لەسەرە، بەتایبەت کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بارانی زیاتر لەو ناوچانە ببارێت.

دوای ئەو بەیاننامەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێزەکانی سوپا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستیانکردووە بە پرۆسەی بەهانەوەچوونی ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی لافاو و بارانبارین بوونەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە شەوی ڕابردووەوە لافاو و بارانبارینی زۆر بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند ناوچەیەک زیانی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە.

ع.م