سەردێڕ:

بەهۆی لافاوەوە لە شەرگات ٧ هاووڵاتی خنکاون

هەزاران خانووش بوون بە ژێر ئاوەوە
لافاو دەیان خانووی کردووە بە ژێر ئاوەوە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-11-23

4513 جار خوێندراوەتەوە

عەلی دەحدوح قائیمقامی قەزای شرگاتی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند، بەهۆی لافاو و بارانبارینی زۆرەوە ٧ هاووڵاتی لە شرگات گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار خانووش بوون بە ژێر ئاوی لافاوی شەوی ڕابردووەوە.

دەحدوح ئەمڕۆ هەینی (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، شرگات دووچاری کارەسات بووە و هیچ کەسێک نەهاتووە بەهانایەوە، بەو هۆیەشەوە زیانی مادی و گیانی زۆر کەوتووەتەوە.

ئاشکراشیکرد، بەهۆی بارانبارینی زۆری شەوی ڕابردووەوە لافاوێکی بەهێز کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان سەر ئاژەڵیش مرداربوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە دەیان ئوتۆمبێل بوون بە ژێر ئاوەوە و چەندین خانووش داڕماون، داواشی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد،دامەزراوەکانی حکومەت ڕاسپێرێت و باری نائاسایی لە قەزاکە ڕابگەیەنێت بەمەبەستی ڕزگارکردن و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان.

لەلایەکی دیکەوە ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە لە شەرگات ٧ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە کە پێکهاتوون لە دوو ئافرەت و پێنج منداڵ.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە شەوی ڕابردووەوە لافاو و بارانبارینی زۆر بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند ناوچەیەک زیانی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە.

ع.م