سەردێڕ:

شارەوانی هەولێر ڕێگە نادات لەسەر زەوییەک کە تاپۆى نەبێت خانوو دروستبکرێت

رێگەش نادات زەوییەک بکرێت بەدوو بەشەوە
رێگەش نادات زەوییەک بکرێت بەدوو بەشەوە و خانووی تێدا دروستبکرێت
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-23

1996 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بڕیارێکی شارەوانی هەولێر، لەمەودوا هیچ کەسێک ناتوانێت لە هەولێر لەسەر زەوییەک کە تاپۆی نەبێت خانوو دروستبکات و رێگەش نادرێت زەوییەک بکرێت بەدوو بەشەوە.

دلێر حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕەخنە لە بریارەکەی شارەوانی هەولێر دەگرێت و دەڵێت لەم دۆخە خراپەی دارایی کوردستان نەدەبوو بریارێکی لەو جۆرە دەربکات کە هیچ خزمەتێک بە هاوڵاتیان ناکات.

هەر لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێردا کە لە هەژدەی ئەم مانگەدا دەرکراوە هاتووە لە کاتی تێکدان یان درووستکردنی خانوو نابێت بکرێت بە دوو بەشەوە و خانوە کۆنەکە لەسەر ڕووبەری چەند درووستکراببێت دەبێت وەک خۆی درووستبکرێتەوە.

لەسەر بابەتەکە ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەوە کرد بەبیانووی نەبوونی کات ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

بەشێک لە هاوڵاتیانیش دەڵێن بڕیارەکانی ئەوان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەژار نیە چونکە دەسەڵاتداران خۆیان لە خانووی ٥٠٠ مەتریدا دەژین و هەژاریش ٥٠ مەتر نیە تیایدا بژی.

لە ١٨ ئەم مانگەوە بڕیارەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت هاوڵاتیان پابەندی بن، هەر شەش شارەوانییەکەی پارێزگای هەولێریش ئاگادارکراونەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بریارە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێستا بەشی زۆری هاوڵاتیان زەوییەکی ٢٠٠ مەتری دەکرن و بە دوو خێزان خانووی لەسەر درووست دەکەن بەڵام لە دوای ئەم بریارەوە ناتوانرێت خانوو لەسەر زەوییەک درووست بکرێت کە کراوە بە دوو بەشەوە.