سەردێڕ:

مالیکی و بارزانی جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا کردەوە

دیداری ئەمڕۆی نێوان بارزانی مالیکی لە بەغدا
فۆتۆ: پەیجی فەرمی نوری مالیکی
2018-11-22

2195 جار خوێندراوەتەوە

لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای کرد و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوری مالیکی کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەکەیدا لەگەل بارزانیدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانیان لە عێراقدا تاوتوێکردووە و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە دەربارەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لەسایەی گەشەسەندنەکانی ئەم قۆناغەدا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لە یەکخستنی هەوڵی نێوان هێزە نیشتمانییەکان بۆ تێپەڕاندنی ڕێگرییەکان و کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ناوەند و هەرێم بەگوێرەی دەستوری عێراق.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پشتیوانی لە هەلێکی نوێ کە لە عێراقدا بۆیان هاتووەتە ئاراوە و دامەزراندنی پەیوەندی پتەو و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی عێراق کۆبووەوە.

ع.م