سەردێڕ:

حکومەتى عێراق یەکەم بەڕێوەبەرایەتی خۆى لە پارێزگاى هەڵەبجە کردەوە

کردنەوەى بەشى گومرگى هەڵەبجە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-22

2442 جار خوێندراوەتەوە

دوای نزیکەی چوار ساڵ لە بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، حکومەتی عێراق یەکەم بەڕێوبەرایەتی خۆی لەسەر ئاستی پارێزگا کردەوە.
بەشی گومرگی ھەڵەبجە یەکێکە لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بڕیاری کردنەوەیی دەرکرد، لە ئێستاشدا ئیدارەی ھەڵەبجە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ کردنەوەی ھەریەکە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی پاسپۆرت و ژینگە و پاسەوانی سنور و دابەشکردنی تابلۆی ئۆتومبێل بە ‌ناوی پارێزگاکە و کردنەوەی دوو مەرزی نێودەوڵەتی.
سالار عەبدوڵا نوێنەری دەروازە سنورییەکان لە حکومەتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، کارەکانی حکومەتی ناوەندیان بۆ چوار دەروازەی سنوری تەواو کردووە و تەنھا ڕەزامەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ماوە و دوای ڕەزامەندی ئەوانیش وەکو مەرزێکی نێودەوڵەتی دەناسرێت.
بەشی پۆلیسی گومرگی ھەڵەبجە کە سەربە حکومەتی عێراقە لە ئێستادا خاوەنی ٣٠٠ کارمەندە و سنوری دەسەڵاتەکەیان بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و مەرزی تەوێڵە و مەرزی پشتە و بازگەی گومرگی سەیدسادق درێژدەبێتەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیشیاندا دەستیانکرد بە ئەنجامدانی چالاکی.
بیلال جەبار بەڕێوبەری پۆلیسی گومرگی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکی ئەوان نەھێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی و ھاوکاریی فەرمانبەری گومرگ و ھێزەکانی دیکەی سنورە بۆ پاراستنی ھێمنی و ئاسایش و پاراستنی ئەو ڕێککەوتننامانەیە کە لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا ھەیە. 
سەرباری کردنەوەی ئەم بەڕێوبەرایەتییە و بوونی فەرمانی کردنەوەی چەند بەڕێوبەرایەتییەکی تری سیادی حکومەتی عێراق، بەگوێرەی بڕیارەکانی حکومەتی ناوەند دەبێت حکومەتی ھەرێم سەرجەم کەلوپەل و پێداویستی ئەو بەڕێوبەرایەتییانە دابینبکات کە لە ھەڵەبجە دەکرێنەوە.