سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ٣٢٧ پەنابەری لە تورکیاوە گەڕاندەوە

دەستپێکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی موسڵ لە تورکیا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-11-22

1630 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ٣٢٧ کۆچبەری عێراقی لە تورکیاوە بێ بەرامبەر گێڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شاری موسڵ.

ستار نەورۆز بەڕێوەبەری گشتی کاروباری لقەکانی کۆچ و کۆچبەران ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی ئارەزومەندانەی بێ بەرامبەر بۆ ئەو ئاوارە عێراقییانەی کە لە دەوڵەتانی هاوسێن.

ڕوونیشیکردووەتەوە "وەزارەت بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و سەنتەری ئیدارەی قەیرانە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ ٣٢٧ ئاوارەی عێراقی لە تورکیاوە لەڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گێڕاوەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شاری موسڵ.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کادیرانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە هاوکاریی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران، خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پێویستی بۆ ئەو ئاوارانە دابینکردووە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوخۆیی عێراق.

جەختیشی کردەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ گێڕانەوەی سەرجەم ئەو پەنابەرانەی کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕی داعش و کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە لە ساڵی ٢٠١٤، بە سەدان هەزار هاووڵاتی لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری ئاوارەی وڵاتانی هاوسێ بوون، بەشێک لەو ئاوارانە لە وڵاتی تورکیا گیرسانەوە.

ع.م