سەردێڕ:

لە گەرمیان دیداری سینەما و شانۆ بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-22

498 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە کەلار دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، رزگار فەقێ بەڕێوەبەری راگەیاندنی دیدارەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی سێ رۆژدا کە حەوت شانۆیی لە (زاخۆ  ، کۆیە ، چەمچەماڵ ، دەربەندیخان، کفری و  کەلار)ەوە بەشدارییان کردووە نمایشدەکرێن. چەند فلمێکی سینەمایی کە فلمێک لە روسیا وە و  سێ فلم رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند بەرهەمێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی گەرمیان نمایشدەکرێن. دیبەیتەکان لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە پێشکەشدەکرێن، کە لە ناوەندە هونەرییەکانی هەولێر و بەغدا وانە دەڵینەوە.

بەپێی کارنامەی دیدارەکە، میوانداریی هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکانیان کراوە بۆ نمایشکردنی چەندین فلم و شانۆیی، کە لە چەند کات و شوێنێکی جیاواز لەگەڵ چەند دیبەیتێکی هونەریی پێشکەشدەکرێن.

لە چوارچێوەی دیدارەکەدا خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە بنەماڵەی هونەرمەندی کۆچکردوو سەلاح داودە. جگەلەوەش خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە بەبەرهەمە هونەرییەکانیان لە دیدارەکەدا بەشداربوون.   

دیداری هونەریی گەرمیان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان و بەچاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە رێکخراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ لە هوڵی هونەر لە کەلار دەستپێدەکات.

لە هەرسێ رۆژی دیدارەکەدا کە چالاکییەکان لە کاتەکانی بەیانیان و پاشنیوەڕوان و شەوان لە چەند هۆڵێکی جیاجیای شارەکە ئەنجامدەدرێن. جگە لە پێشکەشکردنی چەند دیبەیتێکی تایبەت، چەند فلم و شانۆیی نمایشدەکرێن.

No automatic alt text available.