سەردێڕ:

سه‌رۆکی پارتی سه‌عاده‌ت: ئەردۆغان بڕیاری دادگایەک ڕەتدەکاتەوە کە خۆی پەنای بۆ بردبوو

فۆتۆ: 
2018-11-22

1527 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى پارتى سەعادەتى تورکی لەبارەى رەتکردنەوەى بڕیارى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپى پەیوەست بەدەمیرتاش رەخنەى توندى لە ئەردۆغان گرت و وتى "کاتێک خۆى دەستبەرسەر بوو پەناى بۆ ئەو دادگایە برد".

کارامۆلائۆغڵو سەرۆکى پارتى سەعادەتى تورکی له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا کە لە  باره‌گای سه‌ره‌کی پارته‌که‌یدا سازیکرد، ڕەخنەى لە لێدوانه‌کانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا گرت و وتى "به‌ڕێز ئه‌ردۆغان کاتی خۆی کە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ده‌رکرا، په‌نای بردبووه‌ دادگای مافه‌کانی مرۆڤی ئه‌وروپا".

سه‌رۆکی پارتی سه‌عاده‌ت له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا رایگه‌یاند، من ناڵێم بڕیاره‌کانی ئه‌م دادگایه‌ هه‌میشه‌ له‌ شوێنی خۆیدایه‌، به‌ڵام کاتێک له‌باره‌ی بابه‌تێکه‌وه‌ بڕیارێک ده‌رده‌چێت، پێویسته‌ حکومه‌ت به‌ جددی کاری له‌سه‌ر بکات، چونکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ پێی ئه‌م بڕیارانه‌ ئیعتیبارمان هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت.

ئه‌ردۆغان ساڵی ١٩٩٨ کاتێک له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک لە شاری سیرت و به‌ بیانووی هاندانی خه‌ڵک بۆ جیاوازیی دینیی و ره‌گه‌زیی، به‌ ١٠ مانگ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ده‌رکرا، بۆ تانه‌دان له‌ بڕیاره‌که‌ی دادگای تورکیا، سه‌رۆکی ئه‌وکاته‌ی گه‌وره‌ شاری ئیستانبوڵ، په‌نای بۆ دادگای مافه‌کانی مرۆڤی ئه‌وروپا بردبوو.

رۆژی سێشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لە بڕیارێکدا داوای ئازادکردن یان دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بەدەستبەسەرنەکراوی کرد.