سەردێڕ:

١٣هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێتەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-22

1082 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، بژار دەباغ

سبەینێ هەینی (٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، ١٣هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێتەوە و زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیای ناوخۆی و دەرەکی تیایدا بەشداردەبن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانیدا سەلام عەبدوڵا وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی باسی لەوەکرد، پێشانگاکە لەناو بینای پێشانگای سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیای ناوخۆی و بیانی و بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەرمایەداران دەکرێتەوە.

روونیشیکردەوە، وڵاتانی ئێران و تورکیا و سعودیە و میسر و لبنان و پاکستان و ھندستان و وەکالەتی کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە کوردستان بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی بازرگان و کانزاکانی حکومەتی عێراق بەشدارن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم پێشانگایە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ ڕێژەکەی زیادی کردووە کە ئەوکات ١٦٠ کۆمپانیا بەشداربوون، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە ١٨٠ کۆمپانیا بەشدارن.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، عەلی بەشیر ڕێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی باسی لەوەکرد، زۆرترین کۆمپانیا کە بەشداریانکردووە ھی وڵاتی ئێرانە کە ٣٥ کۆمپانیان و کۆمپانیاکانی ناوخۆش زۆرترین بەشدارییان ھەیە کە زۆربەیان وەکالەتی کۆمپانیا ئەوروپیەکانیان ھەیە.

ناوبراو راشیگەیاند، پێشانگاکە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ھەموو ھاوڵاتیان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و سەردانی ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە پێداویستیەکانیان نمایشکردووە تا توانن سود وەرگرن لەو شتومەک و کاڵایانە.