سەردێڕ:

زانکۆی موسڵ دەیەوێت درێژە بەتەمەنی خۆی بدات

دووبارە بنیاد دەنرێتەوە
زانکۆی موسڵ
فۆتۆ: بی بی سی
2018-11-22

1173 جار خوێندراوەتەوە

لە ناو دیمەنی باڵەخانە ڕوخاو و خاپورکراوەکاندا زانکۆی موسڵ دەیەوێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات و ئاڵای بەردەوامیی لە کایەی زانست و خوێندن هەڵبکات، ئێستا هەوڵەکان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی زانکۆکە دەستیپێکردووەتەوە.

پرۆژەی دووبارە بونیاتنانەوەی زانکۆکە بە هاوکاری زانکۆی لانکاستەر و بەبەشداری شارەزایانی زانکۆی بەریتانیا و تیمێکی عێراقیی دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار کتێب ڕەوانەی موسڵ کران و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ناردنی کتێبی زیاتر.

زانکۆی موسڵ، دووەم گەورەترین زانکۆی عێراق بوو کە خاوەنی زیاتر لە سی هەزار خوێندکار بوو، لە دوای دەست بەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە مامۆستایانی زانکۆکە بە ناچاری یا ناوچەکانیان جێ دەهێڵا یان دەچونە سەر کارێکی دیکە و ناوچەکەیان بەجێدەهێشت.

بۆ چەندین سەدە، زانکۆکە شوێنگەی پێگەیاندنی میوزیکزان و هونەرمەندانیش بوو، بەڵام لە دوای جەنگی داعشەوە وێران بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ مانەوەی موسڵ لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا، تەنانەت گوێگرتن لە مۆسیقاش قەدەغە کرابوو، بەجۆرێک لەگەڵ گەیشتنی چەکدارانی داعش بەو ناوچەیە هەموو ئامێرکانی میوزیک و مۆزەخانە و پاشماوە مێژوویەکانیشیان لەناو برد. جگە لە لەناوبردنی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆکە کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوە زانستییەکانی عێراق دادەنرا، کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی موسڵ یەکێک بوو لە کتێبخانە گەورەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە گڕی گرت و لەگەڵ زەوی تەخت بوو، ئێستاش بە هاوکاری کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی هەوڵی دووبارە بونیاتنانەوەی زانکۆکە دەدرێت و خوێندکارانیش دەگەرێنەوە، کە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکە پێکهاتوون لە  کەمینەکانی ئەو ناوچەیە لە مەسیحیەکان و ئێزدیەکان.

بۆ ماوەی دوو ساڵ داعش زانکۆکەی کردبووە شوێنی داواکاری گشتی خەلافەتەکەی و بەشێک لە  چەکدارانی ئەو گروپەی تیایدا نیشتەجێبوون. هەر دوای کۆتای هاتنی ئەو ڕێکخراوەش هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەستیپێکرد لە نێویشیاندا دووبارە بونیادنانەوەی زانکۆی موسڵ، ئەگەر چی حکومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا و حکومەتی ناوەندیش باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بەڵام هێشتا وەک پێویست نین و بەشێک لە هاوڵاتیان نیگەرانن لە سست بەرێوەچوونی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە کە بەهۆی کاریگەری شەڕی داعشەوە گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و زیاتر لە ٧٠%ی بینا و باڵەخانەکانی وێران بوون.

زانکۆی موسڵیش کە دیارترین شوێنی زیان بەرکەتووی شەڕەکەیە پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی چەندین ساڵی پێدەچێت. زانکۆکە لە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە و لە ٢٣ کۆلێژی زانستی جۆراوجۆر پێکدێت لە ڕابردووشدا یەکێک بووە لە پێشکەوتوترین زانکۆکاکنی عێراق و ناوچەکە بەتایبەت لە بواری زانستی پزیشکیدا.